تەقینەوەكەی بەیرووت شەڕێكی گەورە هەڵدەگیرسێنێت

ڕاپۆرت 05/08/2020


دوێنێ تەقینەوەیەكی بەهێز شاری بەیرووتی پایتەختی لوبنانی هەژاند، تا ئێستا 136 كەس كوژراون و زیاتر لە 4 هەزار كەسیش بریندار بوون ژمارەی كوژراوەكان بەرەو هەڵكشانە،  زیانی ماڵیش نزیكەی 5 ملیار دۆلارە و نیوەی شارەكە وێرانبووە.

سیاسییەكی لوبنانی بۆ رۆژنامەی العرب گوتی: لوبنان لە پێش شەڕێكی گەورەی هەرێمیدایە بەتایبەت كاتێك بسەلمێندرێت ئیسرائیل لە پشت تەقینەوەكەی بەیرووتەوەیە و چەند سەرچاوەیەك ئاشكرایان كردووە كە ئیسرائیل بەندەرەكەی بەیرووتی بە ئامانج گرتووە، بەڵام ئیسرائیل رەتیكردەوە دەستی لەوكارەدا هەبێت.

چەند سەرچاوەیەك ڕوونیانكردەوە هۆكاری كردنە ئامانجی بەندەری بەیرووت لەلایەن ئیسرائیلەوە دەگەڕێتەوە بۆ سوود وەرگرتنی حیزبوڵڵا لەو بەندەرە.

سەرچاوەكان گوتیان: حیزبووڵڵا كەڵكی وەرگرتووە لە ئاڵوگۆڕ لەگەڵ چەند وڵاتێك كە مامەڵەی نادیار بووە.

دەشڵێن: گومان دەكرێت حیزبووڵڵا لە بەندەرەكەدا چەك و كەرەستەی سەربازی و بەنزینی هەڵگرتبێت.

تاكو ئێستا بەشێوەیەكی فەڕمی هۆكاری رووداوەكە بۆ بوونی مادەی نیتراتی ئەمۆنیۆم دەگەڕێندرێتەوە كە هەڵگیراوە بەشێوەیەك كە سەلامەتی نەپارێزراوە و لێكۆڵینەوەكانیش بەردەوامن.

گومانەكانیش زیاتر بوون كاتێك رووداوەكە رووی داوە چەكدارەكانی حیزبووڵڵا لەوێ بڵاوبوونەوە.

چەند سەرچاوەیەكی هەواڵگری ئەمریكایش گوتویانە: پشتگوێخستنی پێوەرەكانی سەلامەتی لە هەڵگرتن و كۆگاكردنی بەنزین و مەوادی مەترسیدار هۆكاری رووداوەكە بووە.

بەپێی زانیارییەكان زۆرینەی كاروبارەكانی بەندەرەكەی بەیرووت لە بن كۆنترۆڵی حیزبووڵڵادابووە و وەك شوێنێكی تایبەت بەخۆی كەڵكی لێوەرگرتووە بەبێ حیسابكردن بۆ پێوەرەكانی سەلامەتی و تەنها گرنگی داوە بە گەڕانەوەی داهاتێكی گەورە بۆی، بۆیە بووە كارەساتێكی گەورە بۆ بەیرووت و دواجار قەیرانی دارایی لوبنانیش قوڵتردەكات.

بەپێی هەڵسەنگاندنەكانی هەواڵگری ئەمریكا، حیزبووڵڵا هۆكاری سەرەكی كارەساتەكەی بەیرووتە.

حسان دیاب سەرۆك وەزیرانی لوبنان گوتی: ئەوانەی بەرپرسیاری رووداوەكەن لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت و سزا دەدرێن.

ئەمڕۆ ئاژانسەكانی هەواڵ بڵاویانكردەوە حكومەتی لوبنان سەفەری لە ئەو كەسانە قەدەغەكردووە كە تۆمەتبارن بە تێوەگلان لە رووداوەكەی بەیرووت.

لای خۆیەوە پارێزگاری بەیرووت بۆ كەناڵی ئەی نیوز گوتی: دووبارە ئاوەدانكردنەوەی بەیرووت ساڵێك زیاتری پێویستە.

بە هەمان هۆكار، دادگای تایبەت بە كەیسی كوشتنی رەفیق حەریری سەرۆك وەزیرانی پێشتری لوبنان ڕاگەیاندنی ئەنجامی دادگەییەكەی دواخست كە بڕیار بوو ئەمڕۆ ڕایبگەیەنێت.

لەلایەن زۆر لە وڵاتانەوە دەستی هاوكاری بۆ لوبنان درێژكراوە و ئەمڕۆ لە چەند وڵاتەوە فڕۆكەی هاوكاری پزیشكی و مرۆیی گەیشتە بەیرووت.

هاوكات بڕیارە سبەینێ ئیمانوێڵ ماكرۆن سەرۆكی فەڕەنسا بگاتە بەیرووت.