دەستبەسەر ئۆتۆمبێلی دزراوی ھاوڵاتییەكدا گیرا
چاودێر:
شەوی رابردوو مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی نەھێشتنی تاوانی سلێمانی دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلی دزراوی ھاوڵاتییەكدا گرت و دوای ڕێكارە یاساییەكان ڕادەستی خاوەنەكەی دەكرێتەوە .
پۆلیسی سلێمانی لەڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، پاش تۆماركردنی سكاڵای یاسایی لەلایەن ھاوڵاتییەكەوە كە سێیەم ڕۆژی جەژنی قوربان بۆ كڕینی كەلوپەل لەماركێتێك لەنزیك پاركی ئازادی دابەزیوەو ئۆتۆمبێلەكەی بەكارپێكراوی بەجێهێشتووە و لێیدزراوە، دەستبەجێ ھێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەكانیان دەستپێكردو توانییان شەوی ڕابردو لەگەڕەكێك لەشاری سلێمانی دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەكەدا بگرن و دوای گرتنەبەری ڕێكارە یاساییەكان ڕادەستی خاوەنەكەی دەكرێتەوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، لەئێستادا ئۆتۆمبێلەكە كە لەجۆری كامارۆیە لەبەشی پۆلیسی نەھێشتنی تاوانە لێكۆڵینەوە لە ڕوداوەكە بەردەوامە .
بۆیە لێرەوە داوا لە هاوڵاتیان دەكەین لەكاتی دابەزینیان ، ئۆتۆمبێلەكانیان بە كارپێكراوی بەجێ مەهێڵن تا توشی ڕوداوی لەو شێوەیە نەبنەوە .