ئەو هونەرمەندانەی لە تەقینەوەكەی بەیروت زیانیان پێگەشتوە

جیهان 05/08/2020


چاودێر:
تاوەكو  دێت ژمارەی قوربانیانی تەقینەوە بەهێزەكەی بەیروتی پایتەختی لوبنان لەزیادبوندایە، بەجۆرێك ژمارەی ئەو كەسانەی گیانیان لەدەستداوە لە 100 كەس نزیك بۆتەوە، نزیكەی چوار هەزار كەسی دیكەش برینداربوون و بە دەیانی دیكەش چارەنوسیان نادیارە.
جگە لە زیانە گیانییەكان، زیانێكی زۆری ماددی بە زۆرینەی ناوچەكانی بەیروت و چەند شوێنێكی دیكە كەتووە، چەندین خانوو و باڵەخانە وێران بوون، ژمارەیەكی زۆری ئۆتۆمبیلی هاوڵاتیان تێكشكاوە
بەشێكی زۆری هونەرمەندانی لوبنان ماڵیان لە بەیروتی پایتەختە، بەشێكی زۆریشیان لەو ناوچەیە نیشتەجێن كە تەقینەوەكە تێیدا ڕوویداوە، ئەوەش وایكردووە ژمارەیەكیان زیانیان پێبگات.

*ئەكتەری دیاری لوبنانی و شاجوانی پێشووی ئەو وڵاتە نادین نەسیب نجەیم ، ڕاستەوخۆ ماڵەكەی لەسەر بەندەرەكەیە و نزیك شوێنی تەقینەوەكەیە، تا درەنگانێكی شەوی ڕابردووش چارەنوسی بە نادیاری مابووەوە.
دواتر چەند هاوڕێیەكی ئەو ئەكتەرە ئەوەیان ئاشكراكرد، نادین و دوو منداڵەكەی بەهۆی تەقینەوەكەوە برینداربوون و لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێری وردی پزیشكیدان.
  نادین لە هەژماری خۆی لەئینستگرام دەڵێت "  سوپاسی خودا دەكەم  كە جارێكی تر  دروستی كردمەوەو  تەمەنێكی نوێ پێبەخشیم ، خودا هێزی  پێدام و توانیم  بە پێخاوسی بە 22 نهۆم بێمە خوارەوە لەئێستادا لە پاش نەشتەرگەریەكی شەش  كاتژمێری  ئێستا تەندروستی باشە.

*ئەستێرەی لوبنانی ڕاغب عەلامە یەكێكە لەو هونەرمەندانەی زیانێكی زۆر بەر ماڵەكەی كەوتووە، بەو پێیەی یەكێكە لە ماڵە نزیكەكان لە شوێنی تەقینەوەكەوە، ڤیدیۆی زیانەكانیشی لەڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بڵاوكردۆتەوە.

ئەو هونەرمەندە باسی لەوە كردووە، لەو كاتەدا خۆی و خێزانەكەی لە ناوچەی چیاكانی لوبنان بوون، ئەوەش وایكردووە سەلامەت بن و هیچ زیانێكیان پێنەگات.



*خانمە هونەرمەندی ناسراوی لوبنانی ئیلیسا لەڕێگەی تویتێكەوە ئاشكرای كردووە، ماڵەكەی بەهۆی تەقینەوەكەوە وێران بووە، بەڵام خۆی سەلامەتە و هیچ زیانێكی بەرنەكەوتووە.


*هەیفا وەهبی یەكێكی دیكەیە لەو خانمە هونەرمەندانەی ماڵەكەی زیانێكی زۆری بەركەوتووە، لەڕێی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیشەوە ڤیدیۆی بڵاوكردۆتەوە و ئەو وێرانكارییە دەبینرێت كە بەسەر ماڵەكەیدا هاتووە.
هەیفا ئاماژەی بەوە كردووە كە خۆی سەلامەت هەرچەندە لە ماڵەوە بووە، بەڵام یەكێك لەو كەسانەی لە ماڵەكەیدا كاردەكات، چاو و سەری بریندار بووە بۆیە داوای لە هەوادارانی كردووە دوعای چاكبونەوەی بۆ بكەن.


*دالیدا عەیاش؛ خێزانی ئەستێرەی لوبنانی ڕامی عەیاش لە نزیك شوێنی تەقینەوەكەوە بووە و بریندار بووە، بۆ وەرگرتنی چارەسەر و ساڕێژكردنی برینیەكانی براوەتە نەخۆشخانە، بەڵام رامی لەگەڵ منداڵەكانی لەماڵەوە بووە و سەلامەتە.

*یەكێكی دیكە لەو هونەرمەندانەی زیانی زۆری بەركەوتووە جاد شوەیرییە كە لە پەیامێكیدا نوسیوێتی "ماڵەكەم بەتەواوی وێرانبووە، خەڵكی گەڕەكی ئەشرەفییە هەموو لەسەر شەقامەكانن، خوێن لە هەوو شوێنێكە، تەقینەوەكە لە كۆتایی دنیا دەچوو".