تەقینەوەكەی بەیروت بە 5 ملیار دۆلار مەزەندە دەكرێت

جیهان 05/08/2020


 پارێزگاری بەیروت، مەروان عەبود رایگەیاند كە زیانەكانی تەقینەوەكەی دوێنێی بەندەری شاری بەیروتی پایتەخت، بە سێ بۆ پێنج ملیار دۆلار دەخەملێنرێت.
مەروان عەبود لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا ئەوەی ئاشكرا كردووە، بەپێی ئەو زانیارییانەی كە بەدەستیان گەیشتووە، زیانەكانی تەقینەوەكەی دوێنێی بەندەری شاری بەیروتی پایتەخت، بە سێ بۆ پێنج ملیار دۆلار دەخەملێنرێت.
پارێزگاری بەیروت، مەروان عەبود ئاماژەی بەوەیش داوە كە بەهۆی تەقینەوەكەی دوێنێیوە، دەیان كەس لە بەیروت بێ ماڵوحاڵ بوون.
ئێوارەی دوێنێ‌ سێشەممە، تەقینەوەیەكی بەهێز لە بەندەری شاری بەیروت پایتەختی لوبنان رووی دا و بەهۆیەوە جگە لە زیانێكی زۆر گیانی، هەروەها زیانێكی زۆری ماددیشی لێ كەوتەوە.
دوای تەقینەوەكەیش ئەنجوومەنی باڵای بەرگریی لوبنان، بەیروتی پایتەختی بە ''ناوچەی كارەساتبار'' راگەیاندبوو.
پێشتر سەرۆكوەزیرانی لوبنان، حەسان دیاب بەهۆی تەقینەوەكەوە، ئەمڕۆ چوارشەممەی بە ''پرسەی نیشتمانی''ی لە وڵاتدا راگەیاندبوو.
بەیانی ئەمڕۆ سكرتێری گشتیی رێكخراوی خاچی سووری لوبنان، جۆرج كتانە رایگەیاند کە ژمارەی قوربانییانی تەقینەوەكەی دوێنێی بەیروت گەیشتووەتە، 100 كوژراو و چوار هەزار بریندار.