كەی سیتی سكانی سنگ لەنەخۆشی كۆرۆنادا بكرێت ؟
چاودێر:
پزیشكێكی پسپۆڕی نەخۆشیەكانی هەناو و دڵ، رایگەیاند، سیتی سكانی سنگ یەكێكە لەرێگاكانی دەستنیشانكردنی نەخۆشی كۆرۆنا و رادەی توندی نەخۆشیەكە دیاریدەكات.
د. سوارە عەلی مەولود،پزیشكی پسپۆڕی هەناو و دڵ، دەڵێت"سیتی سكانی سنگ یەكێكە لەڕێگاكانی دەستنیشانكردنی نەخۆشی كۆڕۆنا و دیاریكردنی ڕاددە توندییەكەی، بەڵام ئەگەر پاك دەرچوو مانای ئەوە نییە نەخۆشییەكەت تووشنەبووە"
ئاماژەبەوەشدەكات، تیشك بەركەوتنی كەسێك لە یەك سیتی سكانی سنگەوە، بەرامبەر 70 ئەشیعەی ئاسایی سنگە، هەندێكجار بۆ كۆڤید بڕێكی كەمتری تیشك بەكاردەهێنرێت كە 15-20 هێندەی ئەشیعەی ئاسایی سنگە، بۆیە پێویستە لەژێر ڕێنمایی پزیشك سیتی سكان بكەیت، تاوەكو ئەگەر پێویستی نەكرد و ڕێنمایی پزیشكی نەبوو، ئەم هە موو تیشكە بۆخۆت زیادمەكە.
ئەو پزیشكە رونیشكردەوە بەگوێرەی ڕێنمایی ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانیی ئەگەر كۆرۆنات هەبوو دەبێت لەم كاتانەدا دەبێ سیتی سكان بكەیت:
١.نەخۆشییەكەت بەتوندیی گرتبێت بەنیشانە و بەپشكنین
٢.نیشانەكانت ماكێكی نەخۆشییەكە بێت وەكو هەوكردنی سییەكان
٣.بڕیاردان لەسەر خەواندن لە نەخۆشخانە
٤.لەكاتێك لە نەخۆشخانە بەرەو باشبوون دەچیت پزیشكەكەت سیتی سكانی دیكە دەگرێت بۆ بەراوردكردن و بڕیاری دیكە
٥-لەگەڵ كەسانێك بژیت كە بەرگری لەشیان كەمە یان بەتەمەنن پێشبێنی بكرێت تووشبن بەخراپی بیگرن بەمەرجێك پشكنینی خوێن و سوابی لووتەكە نەبێت یان ئەنجامی درەنگ دەرچێت
٦- لەماڵێكی قەرەباڵغ بژیت و كەرەنیتەكردن زەحمەت بێت ئەگەر ڕێگاكانی دیكەی خوێن یان سوابی لووتەكە نەبێت یان درەنگ دەربچێت، وچەند حاڵەتێكی دیكە كەپزیشكەكەت بڕیاری لەسەردەدات