30 ساڵ بەسەر داگیركردنی كوەیت دا تێپەڕدەبێت

ڕاپۆرت 02/08/2020


ئا/ رەمەزان شێخانی
لە2ی ئابی ساڵی 1990 وڵاتی كوەیت لەلایەن عیراقەوە لەژێر فەرماندەیی سەدام حوسێن سەرۆك كۆماری پێشووتری عیراق داگیركرا.
ئەمرۆ وپاش تێپەربوونی 30 ساڵ بەسەر ئەو داگیركردنەدا وڵاتان كاردەكەن بۆ لابردنی پاشماوەو لێكەوتەكانی ئەو جەنگە و لەچەند ساڵی رابردوودا هەردوو وڵات توانیان لەچەند بوارێكدا رێكبكەون بەتایبەتیش لەبواری دەستوەرنەدان لەكاروباری سیاسی وناوخۆی یەكتر كە بەتایبەت دەسەڵاتدارانی كوەیت كاری لەسەر دەكەن.
دۆسیەیی بەدیل گیراوە كوەیتیەكان و ئاشكرانەبوونی چارەنوسیان یەكێكە لەو دۆسیانەی كە تا ئێستا بە هەڵپسێردراوی وبێ چارەسەر ماوەتەوە 
لە 2ی ئابی ساڵی 1990 بەفەرمانی سەدام حوسێن سەرۆكی لەسێدارە دراوی عیراق سوپای عراق هێرشی كردە سەر وڵاتی كوەیت و داگیری كرد كە بەهۆی ئەو هێرشانەوە هەزاران هاوڵاتی كوژران و سەدان هەزار كەسیش ئاوارەو دەربەدەربوون 
لە ساڵی 1991 هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەسەرۆكایەتی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا هێرشیان كردە سەر سوپای عیراق و لەكوەیت دەركران و هەر ئەو ساڵە گەمارۆی ئابوری سەپێندرایە سەرعیراق كە ئەو گەمارۆیە تا ساڵی 2003 و رووخانی رژێمەكەی سەدام حوسێن بەردەوام بوو
عیراق وكوەیت بەر لە ساڵی 1990 دەیان ساڵ گرژی وئالۆزی سیاسی لەنێوان هەردوولادا هەبوو بەهۆی ناكۆكیان لەسەر ناوچە سنوریەكان سەرباری بوونی پەیوەندی خێزانی و عەشایەری و ئاینی لەنێوان هەردوولادا 
ساڵی 1933 پادشای عیراق شا غازی كوری فەیسەل رایگەیاند كوەیت بەشێكە لەعیراق وداوای كرد كوەیت بخرێتەوە سەر عیراق
عەبدولكەریم قاسم سەرۆكی كۆچكردووی عیراق لە ساڵی 1961 داوای لە كۆمەڵی نێودەوڵەتی كرد دان بەسەربەخۆیی كوەیت دا نەنرێت چونكە كوەیت بەشێكە لەعیراق و هەرەشەی داگیركردنی كوەیتی دەكرد.
بەڵام لە ئەمرۆدا وپاش لەناوبردن و رووخاندنی رژێمەكەی سەدام حوسێن و دیاری كردنی سنوری نێوان هەردوو وڵات پەیوەندیە سیاسی و دیپلۆماتیەكانی هەردوولا باش بوەو ومەترسیەكانی رابردوو نەماوەن 
موستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق لەمیانی پێشواوی كردنی لە شێخ ئەحمەد ناسر ئەلسوباح وەزیری دەرەوەی كوەیت  بۆ بەغدا تەئكیدی كردوەتەوە لەسەر بەرەو پێشچوونی پەیوەندیەكانی نێوان هەردوو وڵات و دەرباز بوون لە گەرانەوە بۆ مەترسیەكانی قۆناغەكانی رابردوو. 
داگیركردنی كوەیت لەلایەن عیراقەوە بەتەنها نەبوە هۆی خاپوركردنی بەشێكی فراوانی كوەیت و سووتاندنی بیر نەوتیەكان و گەیاندنی زیانێكی ئابوری گەورە بەو وڵاتە بەڵكو زیانێكی گیانی ومادی گەورەشی بەسوپای عیراق گەیاند و زیانێكی گەورەش بە باشوری عیراق كەوت و راپەرێنەكەی بەهاری ساڵی 1991ی لێكەوتەوە
سوپای عیراق لەپەلامارەكانی داگیركردنی كوەیت دا زیاتر لە 600 هاوڵاتی كوەیتی بەدیل گرت كەزۆربەیان خەڵكی مەدەنی و منداڵ بوون كە بەگویرەی بەرپرسانی رژێمی بەعسی ئەو كاتە هەموو دیلەكان گوولە باران كران و لەچەند گۆریەكی بەكۆمەڵدا شاردراونەتەوە 
دۆسییەی دیلە كوەیتیەكان یەكێكە لەو دۆسیانەی كە تا ئێستا بە هەڵپسێردراوی وبێ چارەسەرماوەتەوە 
لەمانگی حوزیرانی ساڵی 2016 لەگۆرێكی بەكۆمەڵدا تەرمی 46 كوەیتی دۆزرانەوەو بەرەسمی رادەستی كوەیت كرانەوە وتا ئێستا چارەنوسی 366 دیلی كوەیتی ئاشكرا نەكراوە.
سەرچاوە / ئاژانسەكان 
.