كچێكی هەولێر لەسنووری راپەڕین گیانی لەدەستدا

کوردستان 30/07/2020

چاودێر
شەوی رابردوو، بەهۆی رووداوێكی هاتوچۆ، لەسنووری ئیدارەی راپەڕین، ژنێك گیانی لەدەستدا و سێ‌ كەسی تر بریندار بوون و  پۆلیسیش، لێكۆڵینەوەیان لەرووداوەكە، دەست پێ كردووە.
شۆڕش ئیسماعیل، وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین، رایگەیاند، هێزەكانمان لەبنكەی پۆلیسی بیتوێن، ئاگاداركرانەوە، لەبوونی رووداوێكی هاتوچۆ، كە پێكدادان لەنێوان دوو ئۆتۆمبێلی جۆری قەمەرە ئۆپڵ و پیك ئاپ نیسان، لەسەر رێگای سەرەكی نێوان چوارقوڕنە بۆ بۆسكێن بووە و لەگەڵ گەیەشتنیان بۆ شوێنی ڕووداوەكە، دەركەوت كەهاووڵاتی "ح،ص،م" تەمەن 22 ساڵ لەرەگەزی مێ گیانی لەدەست داوە.
وتیشی "دوای ئەنجامدانی توێكاری بۆ تەرمەكەی لەپزیشكی دادوەری رانیە، رادەستی كەسوكاری كرایەوە و ئەو كەسەی گیانی لەدەست داوە، دانیشتوی هەولێرە و سەرنشینی ئۆتۆمبیلی جۆری ئۆپڵە".
ئاماژەی بەوەشدا، لەرووداوەكەدا سێ كەسی تر بریندار بوون و چارەسەری پێویستیان لەنەخۆشخانە بۆكرا و لەئێستادا برینەكانیان جێگیرە و مەلەفی لێكۆڵینەوە بەپێی یاسای هاتوچۆ بۆ رووداوەكە كرایەوە و لێكۆڵینەوەش بەردەوامە.