تۆمەتباری کوشتنی کچەکەی دەربەندیخان دەستگیرکرا

کوردستان 29/07/2020

چاودێر:

 

ئاسایشی گەرمیان تۆمەتبارێکی دەستگیرکرد، کە لەچەند ڕۆژی پێشوودا ئافرەتێکی کوشتبوو و دواتر تەرمەکەی لەنزیک دەربەندیخان فڕێدابوو.

 

لەڕاگەیەندراوێکدا ئاسایشی گەرمیان ڕایگەیاند، پاش ئەوەی رۆژی 25/7/2020 هێزەکانی یاریدەدەرێتی ئاسایشی دەربەندیخان لەگەڵ ئاسایشی بنکەی ناحیەی شیخ تەویل لە بوونی تەرمی ئافرەتیک لەسەر ڕێگای (دەربەندیخان/شێخ تەویل) ئاگادارکرانەوە, دەستبەجێ هێزەکانیان گەیشتنە سنووری ڕووداوەکە.

 

ئەوەش خراوەتەڕوو، سەرەتا لەبەر نەبوونی بەڵگەو ناسنامە تەرمەکە نەناسرایەوە، راستەوخۆ دەستکرا بە لێکۆڵینەوەی سەرەتایی، دواتر دەرکەوت کە تاوانلێکراو ناوی(خ ح ر) لەدایکبووی(1996)و دانیشتووی گەڕەکی(کەنە سوورە)ی شاری سلێمانیە.

 

باس لەئەوەشکراوە، دادوەری لیکۆڵینەوەی دەربەندیخان بڕیاریدا کە بەدواداچوونی وورد بکرێت لە سەر کەیسی کوشتنەکە , مەفرەزەیەکی یاریدەدەرێتی ئاسایشی دەربەندیخان رۆشتنە شوێنی نیشتەجێبوونی تاوانلێکراو لە پارێزگای سلێمانی و دوای کۆکردنەوەی زانیاری و سەرەداوەکان لە ڕێگای کامێرای چاودێری و هاوکارەکانی ئاسایشەوە , مەفرەزەکانیان گەڕاونەتەوە بۆ سنووری گەرمیان و لە ژیر چاودیری ڕاستەوخۆی بەڕێوەبەری ئاسایشی گەرمیان و بە هاوکاری یاریدەدەرێتی ئاسایشی کفری لە بەرواری28/7/2020 توانرا تۆمەتباری سەرەکی دەستگیربکرێت.

 

ئاماژە بەئەوەشدراوە، تۆمەتبار بەناوی(ه ق ر) لەدایکبووی (1995)و دانیشتووی گەڕەکی(باوە شاسوار)ی قەزای کفری و لە کاتی لێکۆڵینەوەدا دانیناوە بە تاوانی کوشتنی(خ ح ر)دا.


ئەوەش خراوەتەڕوو، تۆمەتباری ناوبراو لەسەر بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی دەربەندیخان بە پێی ماددەی(406)  ڕاگیراوەو لێکۆڵینەوەش لەو بارەیەوە بەردەوامە.

 

باس لەئەوەشکراوە، ئەو ئۆتۆمبێلەی کە تۆمەتبارەکە تاوانەکەی پێ ئەنجامداوە لە بەرواری27/7/2020 لەلایەن هێزەکانی یاریدەدەرێتی ئاسایشی دەربەندیخان سەر بە بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان لە ناو شاری کەلاردا دەستیبەسەردا گیراوە.