شەڕی دەسەڵات دوو محەمەدە ئامۆزاكەی بنەماڵەی پاشایەتی سعودیەى گەیاندە دەستبردن بۆ خوێنی یەكتر

ڕاپۆرت 29/07/2020


محەمەد بن نایف جێنشینی پێشووی عەڕەبستانی سعودی دوای دوورخستنەوەی لەلایەن شا سەلمانی مامییەوە و هێنانە پێشەوەی محەمەدی كوڕی بۆ جێگرتنەوەی نایف، ئێستا نایف مەترسی لەسەر ژیانی هەیە.

بە درێژایی زیاتر لە 100 ساڵ دەسەڵاتی پاشایەتی عەرەبستان بنەماڵەیەك لەسەر دەسەڵات بوون، كە دەسەڵات بەشێوەی ئاسۆیی لە براوە بۆ براوە گواستراوەتەوە و دواین براش لەسەر دەسەڵات شا سەلمانە كە ئێستا نەخۆشە و باری تەندروستی ناجێگیرە.

شا سەلمان دوای گەیشتنی بۆ دەسەڵات بە ماوەیەكی كەم محەمەد بن نایفی جێشنین و برازای دوورخستەوە و محەمەدی كوڕی هێنایە پێشەوە و كردیە جێنشین، شرۆڤەكاران ئەو هەنگاوەی شایان بە كودێتایەكی سپی لێكدایەوە.

لەو كاتەوە محەمەد بن سەلمان جێنشینی عەرەبستان وەك پاشا و دەسەڵاتداری كرداری مامەڵە و دەوڵەتداری دەكات، محەمەد بن نایفی ئامۆزاشی تا دێت چارەنووسی ڕەشتر دەبێت.

پارتی گەلی ئەوروپایی كە گەورەترین كوتلەی نێو پەرلەمانی ئەوروپایە، داوا دەكات بەپەلە چارەنوسی محەمەد بن نایف ئاشكرابكرێت و پارێزگاریشی لێ بكرێت لە كوشتنی.

پارتەكە لە بەیاننامەیەكدا نیگەرانی خۆی نیشانداوە لە چارەنووسی بن نایف و گوتی: بەڵگەكان ئاماژە بە خرابپوونی رەوشی بن ناییف دەكەن لە زیندانەكانی عەرەبستاندا.

داواشیكرد لە جێشنینی عەرەبستان خۆی لادات لە كۆتاییهێنان بە نەیارە سیاسییەكانی.

دەشڵێت: دەستگیركردنی محەمەد بن نایف نیگەرانی زۆری پەرلەمانتارە ئەوروپاییەكانی لێكەوتووەتەوە، پێویستە عەرەبستان رێز بگرێت لە پابەندبوونە نێودەوڵەتییەكان تایبەت بە مافی مرۆڤ لە چوارچێوەی دادگایەكی پاك و سەرخۆدا.

گوتیشی: جێنشینی پێشوو دۆستی خۆرئاوا و ئەوروپا بووە، جێگای نیگەرانی زۆرە گوێبیست دەبین كە رەوشی لە زینداندا خراپە بەهۆكاری نادیار.

رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریكایی بڵاویكردەوە سەرەتاكانی ئەم مانگە چەند سەرچاوەیەكی سعودی و ئەمریكایی گوتویانە: لیژنەیەكی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی سەر بە جێنشینی سعودی گومانیان بووە لە لێكۆڵینەوەكان لە دۆسێكانی گەندەڵی و ناپاكی بەرامبەر بن نایف دوای چوار مانگ لە دەستگیركردنی.

بەپێی سەرچاوەكان لیژنەكە ئامادەكاری دەكات بۆ سەپاندنی تۆمەتی دەستگرتن بەسەر 15 ملیار دۆلار كە بەرنامەی بەرەنگاربونەوەی تیرۆری بەڕێوەبردووە.

لەنێو بنەماڵە فەرمانڕەواكانی كەنداودا زۆر جار كوڕەكان كودێتایان كردووە دەستیان بەسەر دەسەڵاتدا گرتووە بۆ نمونە وڵاتی قەتەر، ئەم هەنگاوەی سەلمان و كوڕەكەشی بەسەر بن نایفی برازا و ئامۆزایاندا جۆرێكی دیكە لە كۆدێتا بەسەر نزیكەكانی خۆیاندا.