ئەمریكا هاتە نێو ململانێكانی لیبیاوە
ئەمریكا دێتە نێو ململانێكانی لیبیاوە و لە زیاتربوونی رۆڵ و پێگەی رووسیا نیگەرانە، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ پەرەسەندنە لەشكرییەكان و فڕۆكەكانی حەفتەر ژمارەیەك تانكی توركیایان تێكشكاند.
ئەمڕۆ فڕۆكە شەڕكەرەكانی سوپای نیشتمانی لیبیا- خەلیفە حەفتەر 3 تانكی سەر بە هێزەكانی حكومەتی تەرابلوس و توركیایان تێكشكاند بەپێی هەواڵی سكاینیوز.
كەناڵەكە لەزاری چەند سەرچاوەیەكەوە بڵاویكردەوە ئەو تانكانە هەوڵی پێشڕەویان داوە لە خۆرئاوای سێرت، پێش ئەوەی تێكبشكێندرێن لەلایەن هێزی ئاسمانی لیبییەوە.
هەفتەی ڕابردوو جوڵەی هێزەكانی تەرابلوس بینرا بەرەو شاری سێرت كە لەلایەن میسر و حەفتەرەوە بە هێڵی سوور ناونراوە.
ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویكردەوە حكومەتی تەرابلوس پشتیوانیكراو لەلایەن توركیاوە جوڵەی بەهێزەكانی كردووە بەرەو سێرت.
شایەتحاڵەكان گوتیان: هێزەكانی تەرابلوس بە نزیكەی 200 ئۆتۆمبێل جوڵەیان كردووە لە خۆرهەڵاتی میسڕاتە لەسەر كەناراوەكانی دەریای نێوەڕاست بەرەو شاری تاورغا.
لەوبارەیەوە شانەی ڕاگەیاندنی سەر بە هێزەكانی حەفتەر گوتی: لە كەناراوەكانی بەرامبەر سێرت و رەئس لانوف و برێقە هێزەكانیان بەچڕی بڵاوەیانكردووە.
پێش چەند هەفتەیەك عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی میسر لە دیدارێكدا لەگەڵ سەرۆك هۆزەكانی لیبیا گوتی: سێرت و جفرە هێڵی سوورن، رێگە نادەن زێدەڕۆییان بكرێتەسەر.
دوێنێ یەك شەممە ئەحمەد مسماری گوتەبێژی هێزەكانی حەفتەر گوتی: توركیا و قەتەر نایانهەوێت چارەسەری قەیرانی لیبیا بكرێت.
دوێنێ ڕووانگەی سووری بڵاویكردەوە ژمارەی چەكدارە سوورییەكانی لیبیا گەیشتووەتە زیاتر لە 16 هەزار كەس لەلایەن توركیاوە ڕەوانەی لیبیا كراون بۆ جەنگی سێرت.
لەلایەكی دیكەوە عەبددولهادی دەرا گوتەبێژی ئۆپەراسیۆنی سێرت و جفرە سەر بە تەرابلوس گوتی: بەرەی خۆرئاوای شاری سێرت ئارامە، لە چاوەڕوانی جوڵە سیاسییەكاندان بۆ ئەوەی بە ئاشتیانە بچنە نێو شارەكەوە.
گوتیشی: هێزەكانمان چاوەڕێی چارەسەری سیاسی دەكەن بۆ چونە نێو شاری سێرت بە بێ شەڕ، رەنگە ئۆپەراسیۆن دوای شكستی چارەسەری ئاشتیانە دەستپێبكاتەوە دژی هێزەكانی حەفتەر.
رونیشیكردەوە ئەوان خوازیاری كۆنترۆڵكردنی سێرتن بە ئاشتیانە وەك ئەوەی لە وەتیە و تەرهونە روویدا بۆ خۆلادان لە خوێن ڕشتنی لیبییەكان و وێراننەكردنی شارەكە.
هاوكات گوتەبێژی حكومەتی تەرابلوس محەمەد قنوقنو گوتی: هێزەكانمان بەرەو خۆرهەڵات بەرەو پێش دەچن، لەوێ دەگەینەوە بە لێوارەكانی سێرت و لە چاوەڕێی فەرمانی دەستپێكردنی هێرشداین و ئێمەش بڕیار دەدەین كوێ هێڵی سوورە.
لای خۆیەوە فەرماندەیی لەشكری ئەمریكا لە ئەفریقا ئەفریكۆم رایگەیاند، وێنەیان دەستكەوتووە كە هێزەكانی سەر بە گرووپی وانگری رووسی لە بەرەكانی پێشەوەی جەنگن لە سێرت، روسیا ئەو هێزانەی بە فڕۆكەی شەڕكەر و تانك و سیستمی بەرگری ئاسمانی بەهێزكردووە.
لە بارەی هەڵوێستی ئەمریكاوە رۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵ بڵاویكردەوە واشنتن هەڕەشەی سەپاندنی سزای بەسەر حەفتەردا كردووە.
رۆژنامەكە لە زاری كاربەدەستانی ئەمریكاییەوە بڵاویكردەوە واشنتن هیوادارە حەفتەر پەیوەندییەكانی لەگەڵ مۆسكۆ بپچڕێنێت و لەگەڵ نەیارەكانی لە لیبیا ڕێبكەوێت.
هاوكات وەزارەتی بەرگری ئەمریكا دەكۆڵێتەوە لە پەیوەندیییەكانی نێوان حەفتەر و چەكدارە رووسییەكان.
ئەمریكا نیگەرانە لە قوڵبونەوەی پەیوەندییەكانی حەفتەر و مۆسكۆ و كۆنترۆڵكردنی پیشەسازی نەوت لەلایەن گرووپە چەكدارە روسییەكانەوە.