توركیا ئاوی فورات دەگرێتەوەو ملیۆنەها هاوڵاتی سوریا تینوو دەكات

ڕاپۆرت 26/07/2020


ئا/ رەمەزان شێخانی 
توركیا یاسا نێودەوڵەتییەكان پێشێل دەكات وجارێكی دیكە بەشە ئاوی رووباری فورات بۆ سوریا كەمدەكاتەوە ئەوەش ملیۆنەها هاوڵاتی سوریا تینوو بێ ئاو ئەكات وهاوكات دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی ووزەی كارەبا لە سوریا.
توركیا رێژەی بەردانەوەی ئاوی فوراتی كەمكردوەتەوە ئەوەش بوەتە هۆی ئەوەی ئەو شارانەی سوریا كە لەكەناری رووباری فورات ن بەدەست كەم ئاوی یەوە بناڵێنن و رێژەی بەرهەم هێنانی كارەباش بۆ 25% كەمیكردوە هەروەك گلدانەوەی ئاوی فورات لەلایەن توركیاوە بوەتە هۆی ئەوەی 1/3 ی ناوچەكانی سوریا كە پشت بە ئاوی رووباری فورات دەبەستن بۆ بەرهەم هێنانی كارەبا دووچاری كەمی كارەبا ببنەوەو بەتایبەتیش شاری حەلەب وبەهۆی كەم ئاویەوە مولیدەكانی بەرهەم هێنانی كارەبا لە كاركەوتون كە لەسەر 3 بەنداو بونیات نراون.
پسپۆرانی بواری ووزە ئاشكرایان كردوە تەنها لە بەنداوی فورات نزیكەی 800 مێگاوات كارەبا لە یەك كاتژمێردا بەرهەم دەهێنرا بەڵام لە ئێستا بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاو تێكرای بەرهەم هێنانی كارەبا بۆ 25% دابەزیوە 
ئەندازیارێكی سەرپەرشتیاری بەنداوی فورات ئاشكرای كردوە دابەزینی ئاستی ئاوی رووباری فورات بەتەنها كاریگەری لەسەر دابەزینی بڕی بەرهەم هێنانی كارەبا نەكردوە بەڵكوو بوەتە هەڕەشەش بۆ كەمبونەوەی ئاوی خواردنەوە.
راشیگەیاند گلدانەوەی بەشە ئاوی سوریا لەلایەن توركیاوە بوەتە هۆی كەمبونەوەی ئاوی خواردنەوەو كێشەی كەم ئاوی بۆ شارە گەورەكانی سوریا درووستكردوە
هەروەك گلدانەوەی ئاوەكە و كەم بەردانەوەی بەشە ئاوی سوریا بوەتە هۆی راوەستانی ئاوەكە و تێكچوونی تامی ئاوەكە كە بەكەڵكی خواردنەوە نەیەت هۆشداریشی دا گەر بارودۆخەكە بەوشێوەیە بەردەوام بێت كارەساتێكی مرۆیی لێدەكەوێتەوە.
ساڵی 1987 سوریا وتوركیا رێككەوتن لەسەر ئەوەی توركیا لە چركەیەكدا بڕی 500 مەتر ئاوی سێجا بۆ سوریا بەربداتەوە بەڵام بەگوێرەی خەمڵاندنە رەەسمیەكان لە ئێستا توركیا تەنها 200 مەتری ئاوی سێجا بۆ سوریا بەردەداتەوە.
پسپۆرانی بواری ئاو رایانگەیاندوە ئەگەر توركیا بەردەوام بێت لە پێشێل كردنی رێككەوتننامەكە ئەوا شارەكانی حەلەب ، دیر ئەلزور، رەقە ،ئەلبو كەمال تا دەگاتە عیراق دووچاری كارەساتێكی مرۆیی دەبێتەوە 
ئاماژەیان بۆ ئەوەشكردوە توركیا ماوەی دوو مانگە رێژەی بەردانەوەی ئاوی رووباری فوراتی بۆ توركیا كەمكردوەتەوە ،ئەوەش بوەتە هۆی ئەوەی ئەو ناوچانە دووچاری ووشكبوون ببنەوە. 
سكای نیوز