ئەو كارانەی نابێت بیانكەیت ئەگەر شەقیقەت لەگەڵ بوو

تەندروستی 26/07/2020


چاودێر:

شەقیقە ( لا سەرئێشە) حاڵەتێكی ناڕێكی و نەخۆشی سەرە  كە لایەكی سەر دەگرێتەوە بەوە دەناسرێتەوە كە كەسی توشبوو سەر ئێشەیەكی بەردەوامی دەبێت و زوو زوو دووبارە دەبێتەوە،  سترێس و قەلەقی و ماندوبونی زۆر یەكێكە لەنیشانەكانی شەقیقە.

 ئەو شتانەی كە نابێت بكرێت ئەگەر شەقیقە( لا سەرئێشەت) لەگەڵ بوو
د. هەڤین كەمال ، پسپۆری بێهۆشكاری و ئازارشكاندن،  لەبارەی ئەو كارانەی كەنابێت بكرێت كە كەسێك شەقیقەی هەبێت  دەڵێت" توێژینەوەكان هەتاكو ئێستا لەهەوڵی ئەوەدان بزانن بۆچی هەندێك كەس تووشی شەقیقە دەبن و هەندێكی تر تووش نابن، بەڵام هەموو توێژەرەوەكان جەخت لەوەدەكەنەوە كە هەندێك شت هەیە ڕێژەی توشبوون بە ئازارەكە زیاددەكات لەو كەسانەدا و بە (triggers) ناودەبرێن . دووركەوتنەوە لەو شتانە چانسی توشبوون بە ئازارەكە كەمدەكاتەوە "
*هەندێك لەو شتانە ئەمانەن: 
دووربكەوە لەوشتانەی ئازارەكەت بۆ دروستدەكەن و بە (triggers)ناودەبرێن، ئەم شتانە لە یەكێكەوە بۆ یەكێكی تر جیاوازە ، هەر كاتێك چاودێریتكرد و هەستت بەوە كرد كە ئەو شتانە چییە، ئەوا بە ئاسانی دەتوانیت سەرئێشەكەت كۆنتڕۆڵ بكەیت .ئەوانەی باون :- سترێس و قەلەقی، هیلاكی و ماندووی ، هەندێك دەرمان، ئافرەتان لەكاتی سووڕی مانگانەدا بەهۆی تێكچوونی هۆڕمۆنەكان، ئەلكهول و كافایین بەڕێژەی زۆر، خواردن وەكو؛ پەنیر، شكولاتەو نەستەلە، شەكری دروستكراو، گۆشتی سووری حازركراو، ئەو شتانەی بۆنێكی تیژیان هەیە.
*هیچ ژەمێكی خواردن مەپەڕێنە : 
برسیكردنی خۆت بۆ ڕادەیەك بێهێزت دەكات لەوانەیە ئازارەكەت زیادكات، هەندێك توێژینەوە دەڵێن دابەزینی شەكرەی خوێن گۆڕانكاری لە مێشكدا دەكات ، كەئەمەش ئازاری شەقیقە زیاد دەكات . 
* ئازارشكێنەكان لە سێ چوار ڕۆژ زیاتر وەرمەگرە : 
ئازارشكێنەكانی وەكو (پاراسیتۆڵ، ئەسپرین، پڕۆفین ..هتد )، لەوانەیە سەرئێشەكە نەهێڵن . باشتر وایە هەركات هەستت كرد كە ئازارەكە دەست پێدەكات باشترە وەریانبگریت، بەڵام بەكارهێنانیان بە بەردەوامی بۆ ماوەی چەند ڕۆژێك ئەگەری هەیە ئازارەكە بگەڕێنێتەوە . باشترە لەو كاتەدا هەندێك چارەسەری تایبەت وەربگرێت كە ناهێڵیت لە مانگەكەدا ئازارەكە دووبارە بێتەوە . 
* كاتی خەوتنت ڕێكبخە نە زۆر بنوو نە كەمیش : 
هەوڵ بدە لەشەودا بۆ ماوەی (حەوت بۆ هەشت) كاتژمێر بنوو بەڕێكی، چونكە بینراوە ئەوانەی كێشەی تێكچوونی خەو یان كەمخەویان هەیە زۆرتر تووشی ئازارەكە دەبن . 
*ئازارەكەت پشتگوێ مەخە : 
ئاشكرایە ئەوانەی نەخۆشی شەقیقەیان لەگەڵە ، پێش هاتنی ئازارەكە حاڵەتێكیان بۆ دروست دەبێت كە پێی دەوترێت (ئۆرا)، ئەم حاڵەتە هەندێك جار بەشێوەی تەڵخ بینینە ، یاخود بینینی ڕووناكی و هێڵی زیكزاگیە ، یاخود بیستنی هەندێك دەنگە، یاخود بۆنكردنی هەندێك بۆنی ناخۆشە یاخود هەستكردنە بە سەرگێژخواردن. هەركات هەستت بەم نیشانانە كرد نابێت پشتگوێیان بخەیت چونكە پشتگوێخستنیان ئازاری سەرئێشەكە زیاد دەكات. بەڵكو پێویستە هەوڵبدەیت لەژوورێكی تاریك و بێدەنگدا دابنیشیت یان پاڵكەویت تا تەواو دەبێت. هەروەها دەتوانیت پاكی سارد بخەیتە سەر ناوچەوانت یاخود بە لەچكێك سەرت ببەستیت . هەندێك جار مەساج كردنیش بە زەیتێكی ساردكەرەوە وەك زەیتی نەعنا یاخود هەر مەساجی ئاسایی سەر سوودی زۆرە . 
* لەبیرت نەچێت كە تێبینیەكانت بنوسیت : 
پێویستە هەموو كەسێك كە ئازاری شەقیقەی لەگەڵدایە ، ئەم تێبینیانە بنوسێت لەسەر دەفتەرێك یاخود مۆبایلەكەی : 
1. كەی سەر ئێشەكەی بۆ هات ؟ 
2. ماوەی چەندی خایاند ؟ 
3. لە چ بەشێكی سەردا ئازارەكە دەستی پێكرد؟ ڕادەی ئازارەكە و توندی چەندە؟ 
4. بە دەرمان و ئازارشكێن كەمدەبێتەوە یاخود نا ؟ 
5. لەو ڕۆژەدا چیت خواردووە؟ 
6. خەوت چۆن بووە و ئایا لەدەرەوە كارتكردووە؟ 
7. كەش و هەوا لەو ڕۆژەدا چۆن بووە؟ 
ئەم تێبینیانە زۆر گرنگن كە بنوسرێت و لەدوایدا پشانی پزیشكەكەتی بدەیتەوەو بەپێی ئەوە ئامۆژگاریت بكات كە چۆن كۆنتڕۆڵی ئازارەكە بكەیت .