"ناوەڕاستی مانگی ئاب بەلێبڕینەوە مووچە دابەشدەكرێت"

ئابوری 23/07/2020

چاودێر
هەفتەیەك ماوە بۆ جەژنی قوربان، بەڵام هێشتا كات و شێوازی دابەشكردنی مووچەی مانگی سێی رابردووی ئەمساڵی مووچەخۆرانی هەرێم، دیار نییە و رۆژنامەنووسێكیش، دەڵێت " لەناوەڕاستی مانگی ئاب مووچە دابەشدەكرێت، ئەویش بەلێبڕینی زیاترەوە".
سەرتیپ وەیسی كەریم، لەپەڕەی تایبەتی خۆی لەفیسبووك، بڵاویكردتەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەو دوو مانگە بە سەخترین و ناخۆشترین بارودۆخی دارایدا تێپەڕ دەبێت، یەكێكە لەسەخترین كاتەكانیەتی لەمێژووی خۆیدا، بۆ ئەو مانگەش هیچ بەدیلێكی نییە بۆ كەمكردنەوەی ئاسەوارەكانی ئەو قەیرانە دارایی و ئابوورییەی بەرۆكی گرتووە، بارودۆخەكە ئەوەندە خراپە كە لەهیچ هەرێم و حكومەت و وڵاتێكی جیهان نەبووە،‌ كە فەرمانبەرانی نەزانن مووچەی مانگی داهاتوویان كەی وەردەگرن و رێژەكەی چەندە؟.
ئاماژەی بەوەشكردووە، دوای ئەوەی هەرێمی ردستان بێ هیوا بوو لە ئەمساڵدا لەگەڵ بەغدا هیچ رێككەوتنێك ئەنجامبدات، لەئێستادا لەسەرئاستی لیژنەی باڵا و لیژنەی و‌زاری و لیژنەكانی بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەكان، دەستیكردووە بە رێككارەكانی جێبەجێكردنی یاسایی چاكسازی، بەڵام ئەو پڕۆسەیە كاتێكی زیاتری دەوێت، ناتوانێت لەم زووانە یاسایی چاكسازی بخاتە بواری جێبەجێكردن، تاوەكو لیژنەكان كاری خۆیان تەواو نەكەن و یاساكەش جێبەجێنەكرێت، حكومەت بەرچاوی روون نییە لەكاتی جێبەجێكردنی ئەو یاسایە، چەند پارە‌ دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەت، بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە سیستەمێكی نوێی دابەشكردنی مووچە دابنێت.
ئەوەشی نووسیوە،"تەواو نەبوونی رێككارەكانی جێبەجێكردنی یاسایی چاكسازی بەم زوانە، وادەكات ‌ئەو یاسایە جارێ نەچێتە‌ بواری جێبەجێكردن، حكومەتیش جگە لەو داهاتەی كە مانگانە لە فرۆشتنی نەوتی هەرێم دەستیدەكەوێت، لەگەڵ داهاتە ناوخۆییەكان، كە  وا بڕیارە لەدوای جەژنی قوربان دەست بكات بە كۆكردنەوەی و پاشان دابەشكردنی، هیچ داهاتێكی دیكە شك نابات و بۆ ئەم مانگەش حكومەت هەرێم زۆرترین كورتهێنانی دەبێت لەماوەی دەست بەكاربوونی یەك ساڵی رابردوو كابینەی نوێ، كه كورتهێنانەكە‌ لە نێوان ( سەدا 40 بۆ سەدا 50)  دەبێت، بەو پێشەش حكومەتی هەرێم لە ناوەڕاستی مانگی ئابی داهاتوو بۆ مانگی ئەیلول، تەنها یەك مووچە دابەش دەكات، ئەویش بە بڕینی بە نزیكەی لە سەدا 40 بۆ سەدا 50 مووچە".
ناوبراو، ئاشكراشیكردووە، لەم مانگەدا،  حكومەتی هەرێمی كوردستان نە دەتوانێت پارە لەبەغدا وەردەگرێت،  نە بەرنامەشیدایە هەیە، هیچ جۆرە قەرزێكی ناوخۆیی لەسەرمایەداران و وەبەرهێنەران بكات، بەڵكو بەپێی داهاتی بەدەستهاتوو، مووچەی مانگی سێی ئەمساڵ لەناوەڕاستی مانگی داهاتوو دابەش دەكات، دواتریش چاوەڕێ دەكات، بۆ ئەوەی بەڵكو یاسایی چاكسازی، بۆ مانگی ئەیلول بچێتە بواری جێبەجێكردن.