ژن

ئەو ژنەی تەنگی بەسەرۆكەكان هەڵدەچنی!

پێش 3 هەفتە

شەهێن سابیر
دڵۆپێك لەدەریایەك ..
ئۆریانا ئەو ژنەی لەمێژووی رۆژنامەنوسیدا ئەدرەوشێتەوەو مەرەكەبی قەڵەمەكەی لەهزرێكی دەوڵەمەندەوە خۆی ڕژاندۆتە‌ سەر سەدان لاپەرەو ئەوی جیاكردۆتەوە، جیاوازی ئەو، ئەوە بووە كە تەنها رۆژنامەنووس ‌و نووسەرێك نەبوو، بەڵكو ژنێكی بەهێز و بوێر بووە چەندین چاوپێكەوتنەكانی لەگەڵ كەسایەتی و سەرۆكی وڵاتان‌ سازداوە‌و ناوەرۆكی گفتوگۆو دیدارەكانی تا ئەم ساتەش‌ جگە لەوەی بونەتە سەرچاوەیەكی گرنگی نووسین‌و گفتوگۆكان، مشتومرێكی زۆریشیان هەڵگرتووە.

ئۆریانا فالاچی ئەو ژنە رۆژنامەنووسەیە كە لەكاتی جەنگی جیهانی دووەمدا بەروماڵەكانی‌و وەستانی دژی رژێمی فاشیزمی ئیتالیا نا‌وبانگێكی گەورەو مێژویەكی جوان‌و ئەزمونێكی گرنگی تۆماركردووه. ئۆریانا فالاچی نووسینەكانی بۆ 21 زمانی جیهان وەرگێردراون، دیدارو گفتوگۆكانی سەرنجی زۆرێك لەنانوەدە سیاسیەكان‌و خوێنەرانی لەتەواوی جیهان بەگشتی راكێشاوە، ئەو توانیویەتی لەگەڵ ژمارەیەك لەسیاسەتمەدارو سەرۆكی وڵاتانی جیهان چاوپێكەوتن بكات، كە زۆرێكیان وەك دیكتاتۆر مێژوو ناساندونی‌و كەس بوێری چاوپێكەوتنی لەگەڵیاندا نەبوە.

سەرسامی من وەك ژنێك بۆ ئۆریانا تەنها پیشەو دیدارەكانی نییە، بەڵكو وێرای بوێریی‌و سەركەشیەكەی ئەو تێرامانە قوڵ‌و مەعریفەیەی ئۆریانایە لەناو گفتوگۆكانیدا، ئەو پرسیارە قەدەغەو مەترسیدارانەیە كە لەو سەردەم‌و بارودۆخەدا گیانی خۆی لەسەر خستۆتە مەرترسییەوە، هەروەك ئەوەی لەوەڵامی قەزافیدا كە چەند جارێك پێی دەڵێتەوە (كتێبی سەوز-ی منت خوێندۆتەوە)، ئۆریاناش لەوەڵامدا دەڵێت " كتێبەكەت ئەوەندە بچوكە بە چارەكێك خوێندمەوە، قوتوی سوراو و سپیاوەكەی من لەكتێبەكەی تۆ گەورەترە.. ! ئێمەی رۆژئاوایی راهاتوین بەخوێندنەوەی كتێبی گەوره نەك ئەوكتێبە بچوكە‌"هەروەها لە یەككێك لەدیدارەكانیدا لەگەڵ (ئیمام خومەینی) دەڵێت:
"خواردنەوەی پێكێ‌ مەی یا گوێگرتن لە مۆسیقا چ خراپییەكی هەیە؟"
كە ئەو پرسیارە هەروا ئاسایی نەبووە بۆ ئیمام خومەینی ئەمە نمونەیەكی بچوكی ئەو پرسیارە ئیستیفزازییانەی ئۆریانایە وێرای ئەوەی زۆربەی كات لەكۆتایی گفتوگۆكانی جۆرێك لەگاڵتەپێكردنی نیشانداوە. تایبەتمەندیەكانی ئۆریانا وەك ژنە نووسەرو رۆژنامەنووسێك دەمانوەستێنێت بۆ بیركردنەوە لەو دونیا پرلە پرسیارە بێوەڵامەی سیاسیەكان‌و ئەو پارادۆكسەی لەروی حەقیقی كەسایەتی و دیوەكەیتریان بەرامبەر بەگەل هەیە، هەروەك ئەوەی لەكتێبی (گفتوگۆ لەگەڵ مێژوودا) تەنگ بەسەرۆكەكان هەڵدەچنێ‌و گیردەخۆن بەدەست پرسیارەكانیەوە وەك هەریەك لەئیمام خومەینی، موعەمەر قەزافی، محمەد رەزاشا پەهلەوی، یاسر عەرەفات،ئاریل شارۆن، مەلیك حسین‌و چەندین سیاسەتمەدارو دەوڵەتداری دیكە بەشێكن لەدیداری كتێبەكەی ئۆریانا كە ناچاری كردون بە وەلامدانەوەی ئەو پرسیارانەی كەس بوێری كردنی نەبووە!

ئۆریانا ژمارەیەك كتێبی گرنگی هەیەو بەگشتی نووسین‌و كتێبەكانی مشتومری زۆری رۆژنامەوانی‌و سیاسی‌و رێكخراوەیی كۆمەلایەتیشی لێكەوتۆتەوە، هەروەك ئەو ژمارە زۆرەی پشتگیرییان كردووە كەمیش نەبوون ئەوانەی دژی وەستاونەتەوە تا ئەندازەی هەڕەشكردن بۆ كوشتنی‌و تەقەلێكردنی‌و راپێچكردنی بۆ زیندان.

ئۆریاناش وەك هەر مرۆڤێك وێرای تواناو ئامانجەكانی خاڵی نەبووە لەهەست‌و سۆزی خۆشەویستی، لە ئەنجامی یەكێك لەچاوپێكەوتنەكانی لەگەڵ كەسایەتی سیاسی (ئالیساندرۆ پاناگۆلیس)ی یۆنانی دەكەوێتە داوی خۆشەویستی كە پاناگۆلیس روبەرووی ململانێی زۆری سیاسی دەبێتەوە دواتر لەروداوێكدا گیان لەدەست دەدات‌و بەلام دەوترێت راستی ئەو روداوە دیارنییەو تەمومژاوییە، هەربۆیە ئۆریانا كتێبی (پێاوێك) كە دەوترێت لەسەر ژیانی ئالیساندرۆ پاناگۆلیس سەرچاوەی گرتووە دەنوسێت.

ئۆریانای بەرەگەز ئیتاڵی لەتەمەنیی منداڵییەوە تواناكانی دەركەوتون لە تەمەنی 20 ساڵیدا كاری رۆژنامەنووسی دەكات ‌و زۆر زوو پەیوەندی دەكات بەگرووپی دژە فاشیزم، وەك بەشێك لەبزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ئیتاڵی كە دواتر لەلایەن سوپای ئیتاڵیاوە بڕوانامەی ئازایەتی بەخشراوە‌و هەر ئەوەش نا خاوەنی چەندین خەلاتی بەبایەخ بووە، ئەم ژنە درەوشاوەیەی نێو دونیای رۆژنامەنووسی بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە ماڵئاوایی لەژیان دەكات. لاپەرەكانی مێژووی ئۆریانا فالاچی شایستە بەخوێندنەوەی ژنێكی كەم وێنەیە ‌و وەك دەریایەك گەوهەری تواناكانی لە قولاییەكەیدایە كە خۆزگەیەكم پێدەخوازێت ئۆریانایەكی دیكە دوبارە بێتەوە.