ئەنجومەنی وەزیران پەیڕەوی ناوخۆیی بۆ سندوقی خانەنشینی فەرمانبەرانی هەرێم پەسەند دەکات

کوردستان 15/07/2020

چاودێر: لەكۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا چەند بڕیارێك دەركران.

 

• ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ پەیڕەوی ناوخۆیی بۆ سندوقی خانەنشینی فەرمانبەرانی هەرێم پەسەند دەکات لە پێناو زامنکردنی مافی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لە گشت بوارەکانی وەزیفە. داهاتی سندوقەکەش تەنیا بۆ شایستەی دارایی خانەنشینان خەرج دەکرێت.
• پەیڕەوی تایبەت بە مەرجەکانی دامەزراندن بە پلەی بەڕێوەبەری گشتی و بەرەو ژوور پەسەند کرا.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٠/٧/١٥ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و بەشداربوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەن ، کۆبوونەوەی هەفتانەی ئاسایی خۆی لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە ئەنجامدا.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، لە چوارچێوەی هەنگاوە کردارییەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری (پەیڕەوی ناوخۆیی بۆ سندوقی خانەنشینی فەرمانبەرانی هەرێم) خستەڕوو. ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ پەیڕەوەکەی پەسەند کرد، کە مەبەستی سەرەکی لەم سندوقەش زامنکردنی مافی خانەنشینانی هەرێمی کوردستانە لە گشت بوارەکانی وەزیفە، بەپێی ئەم پەیڕەوە داهاتی سندوقەکە تەنیا بۆ شایستەی دارایی خانەنشینان خەرج دەکرێت، سندوقەکەش ئەنجومەنێکی بەڕێوەبردنی دەبێت لە نوێنەری وەزارەتە پەیوەندیدارەکان.
پاشان ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران هەر لە چوارچێوەی پەیرەوەکانی تایبەت بە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی ( پەیڕەوی تایبەت بە مەرجەکانی دامەزراندن بە پلەی بەڕێوەبەری گشتی و بەرەو ژوور) سەرەڕای مەرجە گشتیەکانی دامەزراندن لە وەزیفەی گشتیی خستەڕوو. پاش گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە بە کۆی دەنگ پەیڕەوەکە پەسەند کرا، کە مەبەستی سەرەکی لەم پەیڕەوەش ڕەچاوکردنی هەبوونی بڕوانامە و شارەزایی و لێهاتوویی ئەو کەسانەیە کە ئەو پلە وەزیفیانە پڕدەکەنەوە و ڕۆڵی سەرکردایەتی کارگێڕیی دیاریان هەیە لە بەڕێوەبردنی ئەرک و چالاکییەکانی وەزارەتەکان وەک کەسانی پیشەیی و تەکنۆکرات.
ئینجا پرۆژە یاسای نوێی فرۆشتن و بە کرێدانی مایەکانی دەولەت لە لایەن ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان خرایە ڕوو و دواتر بە کۆی دەنگ پەسەند کرا.
پاشان بڕیار لە سەر پێشنیاری هاوبەشی هەردوو وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو درا تایبەت بە دەستپێکردنەوەی پرۆسەی جێبەجێکردنی یاسای ڕێکخستنی مافی ڕەفتارکردن لەسەر زەویوزاری کشتوکاڵی ژمارە ( 1) ی ساڵی 2008 تایبەت بە قەرەبووکردنەوەی ئەو جووتیارانەی کە مەرج وپێداویستیەکانی هاتوو لە یاسای ئاماژەپێدراویان تێدایە و تا ئێستا مامەڵەی قەرەبووکردنەوەکانیان ڕایی نەکراوە، ئەویش لە دوای ووردبینی دۆسیەکان و دڵنیابوون لە هەبوونی مەرجە یاساییەکان، بەم جۆرە کێشەی بەشێکی زۆر ئەو هاووڵاتیانە چارەسەر دەبێت کە بە شێوەی کارت و بە پێی شایستەبوون زەویان پێدراوە لە ساڵانی پێشوو بەڵام تا ئيستا لە فەرمانگەکانی تاپۆ بەناویان نەکراوە، دەرفەتیش دەدات بەو هاووڵاتیانەی یەکەی نیشتەجێبوونیان لە پڕۆژەکان کڕیوە، بە فەرمی بەناوی خۆیان بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش وەزیرەکانی (شارەوانی وگەشتوگوزار، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، داد) ڕاسپێردران پەلە بکەن لە ڕاییکردنی مامەڵەی یاسایی ئەو هاووڵاتیيانە.