تورکیا یادی کودەتا شکستخواردوەکە دەکاتەوە

ڕاپۆرت 15/07/2020


ئەمڕۆ چوارهەمین ساڵوەگەڕی كۆدێتا شكستخواردووەكەی توركیایە بۆ رووخاندنی دەسەڵاتی توركیا بە سەرۆكایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان لە 15ی تەموزی 2016.

كۆدێتا دەستیپێكرد بە فڕۆكەی شەڕكەر و هەلیكۆپتەر كە بەسەر ئەنقەرەدا دەسووڕانەوە، هێزی چەكدار جۆڵێندرا بۆ داخستنی پردەكان و گەرووی بۆسفۆڕ لە ئیستەنبوڵ.
هاوكات فڕۆكەخانە و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و پەیوەندییەكانی دیكە داخران.

سەرۆك وەزیرانی توركیا بن عەلی یەڵدرم گوتی: لەوێ هەوڵێكی كودێتا و یاخیبون هەیە دژی دیموكراسی و خواستی گەل، رێ نادەین و سازش ناكەین لەسەر مافە دیموكراسییەكانمان.
گوتیشی: ئەو كۆمەڵە كەسێكی بچووكن و دەبێت باجی كارەكەیان بدەن.

هێزەكانی سوپای توركیا دەستیان گرت بەسەر بارەگای رادیۆ و تەلەفزیۆنی فەڕمیدا و بەیاننامەیەكیان بڵاوكردەوە.

كودێتاچییەكان گوتیان: دەستیان بەسەر دەسەڵاتدا گرتوە، حوكمی عورف و قەدەغەی هاتووچۆ رادەگەیەنن تا ئاساییبوونەوەی رەوشی وڵات.

لە بەیاننامەكەدا فەرماندەكانی سوپای توركیا كە كودێتایانكردبوو، گوتیان: حكومەت سەروەری یاسا و عەلمانیەتی پێشێلكردووە.

دواتر رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا لە رێگای كەناڵی سی ئێن ئێن تورك-ەوە دەركەوت، داوای لە هاوڵاتیان كرد بڕژێنە سەر شەقام رێگری لە سوپا بكەن.
ئەردۆغان گوتی: لسەر خەڵك پێویستە بێنە سەر شەقام بەرەڕووی سوپا ببنەوە.

هەزاران هاووڵاتی وەڵامی ئەردۆغانیان دایەوە ڕژانە سەر شەقام دژی هەوڵی كودێتا.

بەرەوڕوبونەوە لەنێوان سوپای توركیا و هێز و لایەنگرەكانی ئەردۆغاندا روویدا، هەواڵگری توركیا گوتی: كودێتا شكستی هێنا و ژیانی ئاسایی گەڕایەوە و حكومەت كۆنترۆڵی بارەگای تی ئاڕتی كردەوە و كەناڵی سی ئێن ئێن توركیش پەخشی دەستپێكردەوە دوای وەستانی بۆ ماوەیەكی كاتی بەهۆی چوونە ژوورەوەی سوپای كودێتا لەنێو بارەگای سەرەكی دەزگای دۆغانی مێدیایی.