لەسەر کوشتنی قاسملۆ، مام جەلال چی بە ئێرانیەکان وت؟

کوردستان 15/07/2020

بەکر فەتاح کە لەسەردەمی تیرۆرکردنی شەهید قاسملۆ، نوێنەری یەکێتی بووە لە ئێران، باسی هەڵوێستی ئەوکاتی مام جەلال دەکات لەسەر تیرۆرکردنەکەی قاسملۆ.

 

دەقی نوسینەکەی بەکر فەتاح:

لاپەرەکانی تاران..
ساڵی ١٩٨٩ بوو لە تاران نوێنەری یەکێتی بووم، پاش کارەساتی شەھیدکردنی قاسملۆ و ھەڤاڵەکانی، لە ئۆفیسی مام بووم، ھەندێ گەورە لێپرسراوی ئێرانی ھاتنە خزمەت مام(بۆ یەکەم جار مامم بینیبێ ریشی نەتاشێ ئەو جارە بوو، کە کارەساتی شەھید کردنی شەھید ئاورەحمانی قاسملۆ بوو) . خۆشەویستان سەرنج بدەن لە ھەڵوێستی مام، ئەو وەختە مام رابەرایەتی جوڵانەوەیەکی نەدەکرد کە خاوەنی دەیان ھەزار پێشمەرگەو ، سەدان بارەگاو پانتاییەکی گەورەی کوردستان لەژێر کۆنترۆڵی دابێت. ئەو وەختە دوای ئەنفال و کیمیاوی بوو ، ئەو وەختە ھێزەکانمان لە دیوی ئێران بوو چەند مەفرەزەیەک گەرابوونەوە بۆ ناوەوە..
مام پێش بەخێر ھاتنی گەورە لێپرسراوەکانی ئێران ، یەکسەر تورە بوو پێی ووتن ، ئێوە چۆن جورئەت دەکەن بە ناوی منەوە لە کەناڵەکانی راگەیاندن دەڵێن تاڵەبانی ئەڵێ ئێران دەستی نییە لەو کارەساتە؟ من بەیانی بەھەموو ناوەندەکانی ھەموو کەناڵەکانی راگەیاندنی  جیھانی دەڵێم جمھوری ئیسلامی راست ناکات  لە بلاوکردنەوەی ئەو ھەواڵە بە ناوی منەوە، ئێوە وادەزانن من سەرۆک عەشرەتم ھەرچی بڵێم موریدو دەستوپێوەندەکانم لێم قبوڵ بکەن؟ من سکرتێری حیزبێکم بەیانی لە کۆنفرانسێکدا ئەندامەکانی ئەو حیزبە دەتوانن لام بەرن.. ئەوە ھەڵوێستی مام بوو لەو رۆژانەی بەرانە کێوی شاخی خۆی لێ تەوق بوو....