پەروین بولدان: خەڵك دوای نان كەوتوە و ئاكەپەش دوای دەسەڵات

جیهان 14/07/2020

هاوسەرۆكی هەدەپە پەروین بولدان لەكۆبونەوەی ئاسایی پارتەكەی ڕایگەیاند خەڵك لەهەوڵدایە بۆ دەسكەوتنی نانی ڕۆژێك بۆ ماڵ و منداڵی و بەسەر بردنی ژێانێكی ئاسایی لەم كاتەدا ئاكەپە و ئەردۆگانیش بەدوای دەسەڵات و كورسیەوەن.
ناوبراو لەكۆبونەوەكەدا تیشكی خستە سەر ڕوداوەكانی توركیا و ناوچەكەو هەڵسەنگاندنی لەلایەن هەدەپەوە بەتایبەت مەسەلەی ئەیا سۆفیا كە لەئێستادا بەتەواوی بەسیاسی كراوە.
وتیشی خەڵك لەئێستادا سەرقاڵی پەیداكردنی نانی ڕۆژانەو كارێكن تا بتوانن لەڕێگەیەوە ژیانێكی ئاسایی بگوزەرێنن ، كەچی ئاكەپە دێت و ئەیا سۆفیا وەك موزایەدەیەكی سیاسی پیشانی خەڵكی دەدات، خەڵك بەدوای دادپەروەرییەوەن كەچی لەبەرانبەردا ئاكەپە باسی فەتحی ئیستەنبوڵ دەكات.
بولدان دەشڵێت چۆن دەرگای ئەیا سۆفیا بۆ عیبادەتی موسوڵمانان دەكەنەوە ئاواش دەبێـت دەرگای خۆش گوزەرانی و دادپەروەری و دیموكراتی و مافی مرۆڤیش بۆ خەڵكی توركیا بكەنەوە.