(مێژوویەک لە لولەی تفەنگەوە) بڵاوکرایەوە: چەندین نهێنی سەردەمی شاخ ئاشکرا دەکات
کتێبی (مێژوویەک لە لولەی تفەنگەوە) کە لەلایەن نوسەر و پێشمەرگەی دێرین شەهاب کەریم نوسراوە، بڵاوکرایەوە.
ئەم کتێبە وەک لە بەرگەکەشیدا نوسراوە رۆژگارە سەختەکانی شاخ (1979-1991) دەگێڕێتەوە، کە تێیدا شەهاب کەریم وەکو پێشمەرگەو کادرێکی نزیک لە روداوەکان، چەندین نهێنی و روداوی سەردەمی شاخ و هەڵبەز و دابەزەکانی ئەو مێژوە بە خیانەت و خەبات، بە گیانفیدایی و ترسنۆکی، بە راست و چەوتەوە دەگێڕێتەوە.
نوسەری ئەم کتێبە جیاواز لە بیرەوەری دەسەڵاتدارەکان، روداوەکان دەگێڕێتەوە، وەک خۆی لە بەشێکی کتێبەکەدا دەڵێت: ئەو مێژوەی کە بەشێک لە دەسەڵاتداری کوردی نوسیویانەتەوە، بە ئەنقەست ئەو پرسیارانەیان پشتگوێ خستوە، کە وەڵامەکەی خراپ بەسەر خۆیاندا دەشکایەوە. ئیتر لێرەوە لولەی تفەنگی پێشمەرگەیەکی دێرینی پڕ لە بەخشین و قوربانی دێتە دەنگ و هەندێ نهێنی راستەقینە بۆ مێژوو تۆمار دەکات، کە رەنگە تەقاندنی دوا فیشەکی تفەنگەکەی خۆی بێت.