بەڕێوبەری نەخۆشخانەی هیوا دەستی لەكار كێشایەوە

کوردستان 12/07/2020


چاودێر: دكتۆر دۆستی نەجات بەڕێوبەری نەخۆشخانەی هیوا تایبەت بەتووشبووانی نەخۆشی شێرپەنجە لەنامەیەكیدا دەستلەكاركێشانەوەی خۆی راگەیاند.

دكتۆر دۆستی نەجات بەڕێوبەری نەخۆشخانەی هیوا رایگەیاندوە:"سوپاس بۆ ئەوانەی لەوماوەیەدا پشتیوانی من و نەخۆشخانەی هیوایان کردوە، سوپاسی بێ کۆتایی بۆ هەمو دکتۆر و کارمەندە دڵسۆزەکانی نەخۆشخانەی هیوا و سەنتەری سالاسیمیا و ژیانەوە و تاقیگەی نەخۆشیزانی شۆڕش کە خۆنەویستانە لەماوەی ئەم چەند ساڵەدا پشتگیر و پشتیوان بون و لەسەر حسابی ژیانی تایبەتی خۆیان خزمەتیان بەدوچاربوانی شێرپەنجە کردوە بەبێ ئەوەی هیچ یەکێکمان چاوەڕوانی سوپاس و پێزانین بین"
ئاماژەی بەوەداوە:" لە ئەزمونی پەرەپێدانی نەخۆشخانەی هیوا و خزمەتگوزاریەکانی شێرپەنجەدا زۆر هەوراز و دژواریمان بڕی، بەڵام لەبەرئەوەی ژیانی نەخۆشەکانمان چەقی بیرکردنەوەی خۆم و هاوکارەکانم بو، سەرئەنجام هیوا بوە نمرە یەکی عیراق و تەنانەت لەئاستی وڵاتانی پێشکەوتو. بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی عیراق چاندنی مۆخی ئێسکمان ئەنجامدا کە سوپاس بۆ خوا سەدان نەخۆشی لەشێرپەنجە و سالاسیمیا چاککردوەتەوە و خەرجی سەدان ملیۆن دۆلاری چارەسەری گرانبەهای لەدەرەوەی وڵات بۆ خەڵک و حکومەت گەڕاندوەتەوە"

رونیكردوەتەوە:" ئەگەر روبەروبونەوەی شێرپەنجە و خزمەتگوزاریەکانی چارەسەر لە وڵاتانی پێشکەوتوی دنیا یەکجار سەخت بێت ئەوا لە هەرێمی کوردستاندا سەدانجار سەختتربوە، بەربەستەکان بێشوماربون و لەژێر فشاری دەرونی هەزاران تراژیدیای ئینسانی و سنورداریی توانای خۆماڵی و ئاستەنگی جۆراوجۆردا شەو و رۆژ هەوڵماندەدا تاوەکو بەناوی (هیوا) بیرۆکەی نائومێدی لەم نیشتمانەماندا بسڕینەوە و دامەزراوەیەکی تەندروستی بین کە هیچی لەوڵاتانی پێشکەوتو کەمتر نەبێت، هەر لە سەرەتاوە پلانی کورت مەودا و پلانی دو ساڵە و پێنج ساڵەمان داڕشت و بەشی هەرەزۆری جێبەجێکرا، بەداخەوە کە هەلومەرجەکە چیتر لەزۆر ڕوەوە لەبارنیە بۆ جێبەجێکردنی ئاوات و خولیای زیاتر و بەو هۆیەوە نامەوێت لەشوێنێکدا کاربکەم کە تەنها رۆتینی رۆژانە بگوزەرێنم. دەستلەکارکێشانەوە باشترین بژاردەیە لەوەی کە نەتوانم مافی نەخۆش و پزیشک و کارمەندان دابینبکەم"
ئەوەشی وتووە:" داوای لێبوردن لەهەر نەخۆشێک ئەکەم لەو ماوەیەدا کە بەڕێوبەری نەخۆشخانەی هیوابوم کەموکورتیەکی لەخزمەتگوزاریەکانمان بەدی کردبێت، بێگومان من و هەمو هاوکارەکانم بە چاوی خزم و کەسی خۆمان لەهەمو نەخۆشێکمان روانیوە بێ جیاوازی و هیچ کات ژور و خزمەتی تایبەتمان بۆ هیچ کەسێک نەبوە لەناو نەخۆشخانەکەدا، ناچار نەبوین ئاستی خزمەتگوزاری بۆ کەسێکی دیاریکراو بەرزتر بکەینەوە، چونکە هەر ئەوەشمان پێشکەش بە خەڵکی هەژار و بێدەرەتانی ئەم وڵاتەکردوە"