یۆنان لەبەرانبەر ئەیا سۆفیا ماڵەكەی ئەتاتورك دەكاتە مۆزەخانەی كۆمەڵكوژی

جیهان 12/07/2020

لە بەرامبەر گۆڕینی مۆزەخانەی ئەیا سۆفیا بۆ مزگەوت و گوێنەگرتنی تورکیا بۆ ڕایگشتی جیهان، لە سەرو هەمووشیانەوە ڕێکخراوی یونسکۆ، یۆنانیش بەنیازە ماڵەکەی ئەتاتورک لە وڵاتەکەی بکاتە مۆزەخانە و ڕەمزی کۆمەڵکوژیی.
حزبی بڕیار، لە یۆنان ڕایگەیاند، بابەتی گۆڕینی ناسنامەی ئەیا سۆفیا لە مۆزەخانەوە بۆ مزگەوت لە ئیستەنبوڵ، بابەتێکە بەتەواوی  پەیوەندی بەپەیوەندیەكانی توركیا و یۆنانەوە هەیە ، پیویستە ئەسینا بە توندی وەڵامی ئەوە بداتەوە لە دژی ئەنقەرە.
هەروەها داواکارە مالەکەی مستەفا کەمال ئەتاتورک دامەزرێنەری دەوڵەتی تورکیا لە شاری سالۆنیکی یۆنان بگۆڕدرێت بۆ مۆزەخانەی کۆمەڵکوژیی بۆنتیکی هێلینی یۆنانیەکان.
دوێنێ سەرۆک کۆماری تورکیا لەسەر بڕیاری ئەنجومەنی دەوڵەت “دادگای باڵای تورکیا” واژۆی لەسەر گۆڕینی شوناسی ئەیا سۆفیا کرد لە مۆزەخانەوە بۆ مزگەوت.
یۆنان دەڵێت، زیاتر لە ٣٥٠ هەزار بونتیکی یۆنانی بە دەستی تورکەکان کوژراون، هەروەها ئەنقەرە بە شێواندنی مێژووی ڕووداوەکان وەسف کردووە بۆ ئامانجی سیاسی. ئایا سۆفیا لە شاری ئیستەنبوڵ لە سەردەمی ئیمپراتۆری مەسیحی جەستنیان دروستکراوە و لە ٥٣٧ی میلادی تەواوکراوە، ئەوەش بە گەورەترین پەرستگای مەسیحیەکان دائەنرا کە تەمەنی زیاتر لە هەزار ساڵە، دوای هاتنی عوسمانیەکان و گۆڕینی ناوی قوستەنتینیە بۆ ئیستەنبوڵ، ئیمپراتۆری بێزەنتی لە ساڵی ١٤٥٣ تێکشکاو لەوکاتەوە پەرستگاکە گۆڕا بۆ مزگەوت، لە ناوەڕاستی سیەکانی سەدەی ڕابردووش بە دەستی کەمال ئەتاتورک مزگەوتەکە گۆڕا بۆ مۆزەخانەو وەک یەکێک لە شوێنەوارە جیهانیەکان لە دەفتەری یونسکۆ تۆمار کرا.