دوو دەروازەی فەرمی کەوتنەوە دەست حکومەتی عێراق

عێراق 11/07/2020

چاودێر

 

ئەمڕۆ شەممە هێزێكی وەڵامدانەوەی خێرا، كە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراقییە، ئۆپراسیۆنێكیان لەژێر ناوی قۆناغی چوارەمی پاڵەوانانی عێراق لە ناوچە سنوورییەكانی پارێزگای دیالە، ئەنجام دا.


ئۆپراسیۆنەكە لەژێر سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق ئەنجام دراوە.


بە پێی بەیاننامەیەكی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق، دەستی بەسەر هەردوو دەروازەی سنووریی مەندەڵیلە نزیك مەندەلی و مونزەری لە خانەقین لە سنووری پارێزگای دیالەدا گرتووە.


هەروەك لە بەیاننامەكەدا هاتووە، هێزێكی تایبەت بە شێوەیەكی بەردەوام لەو دوو دەروازەیە جێگیر دەكرێت.


بەرپرسانی عێراق باس لەوە دەكەن كە میلیشیا شیعەكان دەستیان بەسەر دەروازە سنووریەكاندا گرتووە و داهاتەكەی ناگەڕێننەوە بۆ حكومەتی عێراق، مستەفا كازمی سەرۆكوەزیران لە چوارچێوەی پڕۆسەی چاكسازیدا دەیەوێت ئەو دەروازە سنوورییانە كۆنتڕۆڵ بكاتەوە.

 

هەر بە پێی زانیارییەکان، لە ١٠ ملیار دۆلاری خاڵە سنوورییەکان تەنها دوو ملیاری بۆ حکومەت دەگەڕێندرێتەوە.