سەرۆك شارەوانی سیئۆل بەمردویی دۆزرایەوە

جیهان 10/07/2020

پۆلیسی کۆریای باشوور ڕایگەیاند، درەنگانێکی شەوی ڕابردوو تەرمی پارک وون سوون سەرۆکی شارەوانی سیئۆل پاش دیارنەمانی بۆ چەند ڕۆژێک، دۆزراوەتەوە.
پۆلیس دەڵێت، دوای بانگەوازییەکەی یونهابی کچیەوە لەبارەی دیارنەمانی باوکی، سەدان کەس لە پیاوانی پۆلیس دەستیان کردووە بە گەڕان و پشکنین و دواجار لە درەنگانێکی شەودا توانیویانە بە شوێن پێ هەڵگرتنی جی پی ئێسی مۆبایلەکەیەوە تەرمی ناوبراو لە باکوری شارەکەدا بدۆزنەوە.
پۆلیس تا ئێستا هۆکاری مردنەکەی ڕانەگەیاندووە، هەروەها شوێنی ڕووداوەکەش هیچ سەرەداوێکی دۆزینەوەی تاوان و بەڵگەی تێدا نییە، بەڵام بە وتەی میدیاکانی ئەو وڵاتە، ڕۆژی چوارشەممەی ڕبردوو لەلایەن سکرتێریەکەی پێشوویەوە، سکاڵای یاسایی دژی پارک بە تۆمەتی ئەنجامدانی دەستدرێژیی و گێچەڵی سێکی تۆمارکراوە.
یونهابی کچی پارک بە پۆلیسی ڕاگەیاندووە، باوکی نامەیەکی بۆ جێهێشتووە و وەسیەتی بۆ کردووە، دواتریش مۆبایلەکەی داخراوە، بەبێ ئەوەی تا ئێستا ناوەڕۆکی وەسیەتەکەی پارک بۆ کچەکەی بۆ میدیاکان ئاشکرا بوبێت.
پارک یەکێک لە بەهێزترین سیاسییەکانی وڵات بوو، ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە ڕوبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شارەکەیدا، لە ساڵی ٢٠١١ وە پۆستی سەرۆکی شارەوانی وەرگرتووە، یەکێکیش بوو لە پاڵێوراوە بەهێزەکانی لیبراڵیەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ٢٠٢٢ی وڵات.