عێراق گەشتە ئاسمانییەكانی بەم مەرجانە دەستپێكردەوە

جیهان 10/07/2020

دوای نزیکەی چوار مانگ لە داخستنی گەشتە ئاسمانیەکان بەڕووی هاوڵاتیاندا، لیژنەی باڵای پاراستن و سەلامەتی نیشتیمانی عێراق ئاشکرایکرد، ڕێکارەکان لەبەردەم گەشتکردنی هاوڵاتیان بۆ دەرەوە بە مەرج لابراون.
لیژنەکە شەوی ڕابردوو بڵاویکردەوە، ڕێگا بە عێراقیەکان دەدرێت بۆ لەمەودوا گەشتەکانیان بۆ دەرەوە ئەنجام بدەن بەو مەرجەی پابەندی ڕێکارەکانی کەرەنتینە بن لەکاتی گەڕانەوە بۆ ماوەی ١٤ ڕۆژ.
هەروەها دەڵێت، پێویستە ئەو کەسانەی گەشت دەکەن، پشکنینی ڤایرۆسییان پێ بێت و هەموو ڕێکارە تەنندروستیەکانیان جێبەجێ کردبێت، هەروەها پێش گەشتکردنیشیان پشکنینی خێرایان بۆ ئەنجام دەدرێت، لەکاتی گەڕانەوەشدا پشکنینیان بۆ دەکرێت و ١٤ ڕۆژ کەرەنتینە دەکرێن.
هەرچەندە تا ئێستا فڕۆکەخانەکانی سلێمانی و هەولێر ڕوونکردنەوەیان لەوبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام ڕاستەوخۆ بڕیارەکەی عێراق ئەوانیش دەگرێتەوە، چونکە دەسەڵاتی فڕۆکەوانی هەرێم لەلای عێراقە تا ئێستا.
بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، گه‌شته‌ ئاسمانییه‌کانی عێراق لە له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی فڕۆکه‌وانی شارستانی عێراقییه‌وه‌ له‌ ڕۆژی ١٧ی ئازاری ئەمساڵەوە ڕاگیران، بەڵام بڕیارەکە گه‌شتی فڕۆکه‌کانی مانگی سور و سەربازیی و یارمەتی یە تەندروستییەكان و لەناکاو و بارهه‌ڵگری نەگرتەوە.