پەیەدە خۆی لەپەكەكە دووردەخاتەوە و لە ئەنەكەسە نزیك دەبێتەوە

ڕاپۆرت 06/07/2020

پەیەدە بەفشاری ئەمریكا خۆی لەپەكەكە بە دوور دەگرێت و لەگەڵ ئەنەكەسە رێكدەكەوێت. بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست چاودێر كەوتوون پەیەدە لە ژێر فشاری ئەمریكادا رێككەوتنی لەگەڵ ئەنەكەسەدا كردووە.

سەرچاوەیەك بۆ چاودێر گوتی: لە ماوەی ڕابردوودا ئەمریكا لە رێگای نوێنەر و كاربەدەستەكانی خۆیەوە راستەوخۆ بە سەركردەكانی پەیەدە و كاربەدەستانی باڵای رۆژئاوای كوردستانی گوتووە تاكو لەگەڵ ئەنجومەنی نیشتمانی كوردی سووریا ئەنەكەسەدا رێككەوتن بكەن.

رونیشیكردەوە ئەمریكا بە پەیەدەی گوتوە كە رێكنەكەون لەگەڵ ئەنەكەسە و لەسەر سیاسەتی پێشووی خۆیان لە رۆژئاوای كوردستان و باكوری سووریا بەردەوام بن، توركیا قۆناغی دیكەی ئۆپەراسیۆنی دەبێت بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان و رەنگە ئەوجارە بگاتە قامیشلۆ.

هاوكات ئەمریكاییەكان فشاریان لە پەیەدە كردووە خۆشی لە پەكەكە دووربخاتەوە و هێندە بە ئاشكرا پەكەكە رۆڵی نەبێت لە بڕیار و گۆڕانكارییەكانی رۆژئاوای كوردستان.

 سەرچاوەكەی نزیك لە پەیەدە كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، بۆ چاودێر گوتی: پێشتریش ئەمریكا داوای لە پەیەدە كردووە خۆی لە پەكەكە دووربخاتەوە، تاكو بەهانە نەدرێتە توركیا بۆ هێرشكردنەسەر رۆژئاوای كوردستان و ئەمریكاش بتوانێت بەرگری لە كورد بكات.

گوتیشی: هەرچەندە پێشتر پەیەدە ئامادەنەبوو بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەنەكەسەدا رێبكەوێت، هەرچەندە هەندێكیان لەگەڵ خۆلادان بوون لە پەكەكە، بەڵام زۆرینەی سەركردایەتی پەیەدە ئەو پێشنیازەی رەتكردبووەوە، بەڵام دوای هێرشەكانی توركیا بۆ سەر رۆژئاوا و كۆنترۆڵكردنی گرێسپی و سەرێكانی و فراوانبوونی هێرشەكان بۆ سەر هەرێمی كوردستان، پەیەدە گەیشتە ئەو بڕوایەی ڕەوشەكە مەترسیدارە و دەبێت بە پێشنیار و داواكارییەكانی واشنتن رازی بێت.

ئەو زانیارییانە لەكاتێكدان لە ماوەی رابردوودا بە زیندوكردنەوەی رێككەوتننامەی دهۆك ئەنەكەسە و پەیەدە رێككەوتن و بڕیاریاندا پەیوەندییەكانیان ئاسایی بكەنەوە و ئەنەسەكە بگەڕێتەوە رۆژئاوا.

لەلایەكی دیكەوە بەپێی هەندێك سەرچاوەی ڕۆژنامەوانی عەرەبی لە باكوری سوریاوە، پەیەدە رێوشوێنی بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكەی ئەمریكا گرتووەتەبەر و خۆی لە پەكەكە دوورخستووەتەوە و تەنانەت هەندێك سەركردە و ئەندامی پەكەكەشی لەرۆژئاوا دورخستوەتەوە.

بەپێی زانیارییەكان، لەنێو ئەو سەركردانەی لە رۆژئاوا دورخراونەتەوە، سەبری ئۆك سەركردەی باڵای پەكەكە هەیە، بەڵام تاكو ئێستا هیچ سەرچاوەیەك ئەو زانیارییانەی بە فەڕمی پشتڕاست نەكردووەتەوە.

لە دوای سەرهەڵدانەكانی 2012وە لە رۆژئاوا و گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن پەیەدەوە، توركیا خوازیاری دروستكردنی پەیوەندی بوو، لەگەڵ ساڵح موسلیم هاوسەرۆكی ئەو كاتی پەیەدە لە توركیا گفتووگۆ كرا، بەڵام نەگەیشتنە ئەنجام.

دواتر پەیوەندییەكانی پەیەدە و ئەنەسەكە خراپبوو، پەیەدە ئەنەكەسەی بە "بەكرێگیراو"ی توركیا و پارتی دیموكراتی كوردستان لە قەڵەمدا و بەشێك لەسەركردەكانی دەستگیركردن و بارەگاكانی داخستن.

سەرباری دوو رێككەوتن و چەندین هەوڵی دیكەی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ نزیككردنەوەی لایەنەكانی رۆژئاوا، بەڵام پەیەدە سووربوو لە بەشداریپێنەكردنی ئەنەكەسە لە دەسەڵاتدا.

لە چەند ئۆپەراسیۆنێكی توركیا و گرووپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە عەفرین  و سەرێكانی و گرێسپی چەكدارەكانی ئەنەكەسە بەشداریان كردووە.

ئەنەكەسە خاوەنی هێزێكی چەكدارە بەنێوی لەشكری پێشمەرگەی رۆژ كە لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە پێكهێنراوە و مەشق و راهێنانیان پێكراوە و بودجەیان بۆ دابینكراوە بە پشتیوانی توركیا و بەپێی سەرچاوەكان ژمارەیان دەگاتە پێنج هەزار كەس.

هێزی پێشمەرگەی رۆژ چەند جارێك لەگەڵ گرووپە چەكدارەكانی سەر بە پەیەدە و پەكەكە لە شنگال بەرەوڕووبوونەوە، لەخانەسۆر شەڕی قورس روویدا و كوژراو و بریندار هەن.

هەندێك سەرچاوەی زانیاری و هەندێك شرۆڤەكاری سیاسیش دەڵێن، كە توركیا و ئێران و روسیا و عیراق بە رەزامەندبوونی ئەمریكاش رێككەوتوون لەسەر  هەڵوەشاندنەوە یان بەلایەنی كەمەوە كەمكردنەوەی پێگە و دەسەڵاتی دوو ئیدارەی كوردی باكوری عیراق و باكوری سووریا، بەتایبەت لەگەڵ هاتنەسەر كاری سەرۆك وەزیرانی نوێی عیراق كە ئەمریكا پشتیوانی دەكات و شاندی توركیاش سەردانی بەغدای كردووە و هاوكات دواین كۆبونەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا و حەسەن رۆحانی سەرۆكی ئێران لەگەڵ فلادمێر پۆتن سەرۆكی روسیا.

چڕكردنەوەی هێرشە زەوینی و هەواییەكانی توركیا و ئێران بۆ سەر هەرێمی كوردستان ورۆژئاوای كوردستان و توندكردنەوەی فشارەكانی بەغدا لەسەر هەرێم و بڕینی بودجە دەبنە فاكتۆری سەرەكی ئەو زانیارییانە.

لە ماوەكانی ئایندەدا ئاسۆی گۆڕانكارییەكان روون دەبێتەوە، بەڵام بە پێی گوتەی شرۆڤەكاران ئەستەمە كورد بە سەلامەتی لێی دەربچێت، بەتایبەت هەرێمی كوردستان، هەرچەندە هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێم لەڕووی دەستوورییەوە بە دوور دەزاندرێت، بەڵام رەنگە بچێتە قۆناغی دووهەمی لاوازكردنیەوە دوای كۆتاییهاتنی قۆناغی یەكەمی كە لە 2017 بە كۆنترۆڵكردنی ناوچە كێشەلەسەرەكان دوای ریفراندۆم دەستیپێكرد.
راپۆرتی تایبەتی چاودێر