کاندیدی یەکێتی وەک بریکاری وەزیری ناوخۆ دەستبەکاربوو

کوردستان 06/07/2020

بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی 
لیوا چەتۆ ساڵح وەک بریکاری وەزارە‌تی ناوخۆ دەستبەکاربوو

ئەمڕۆ ٦ی تەموزی ٢٠٢٠ لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئە‌نجومە‌نی وەزیران بە فەرمی لیوا چەتۆ ساڵح لە پۆستی بریکاری وەزارە‌تی ناوخۆ دەستبەکار بوو.

لە ڕێوڕەسمەکەدا کە ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆش ئامادە بوو، قوباد تاڵەبانی پاش پیرۆزبایی، هیوای سەرکەوتنی بۆ لیوا چەتۆ ساڵح خواست لە ئەرکەکەیدا و رایگەیاند: هەماهەنگی بەهێز لەنێوان هەموو ئەندامانی وە‌زارە‌تدا پێویستە‌ بۆ باشتر خزمە‌تكردنی ھاوڵاتیان، ئەو هەماهەنگی و هاوکارییەش لەناو تیمی وەزارەتی ناوخۆ بە‌دی كراوە‌ و پێویستە‌ بە‌ھێزتریش بکرێت.

لە رێوڕەسمەکەدا لیوا چەتۆ ساڵح رایگەیاند: لەم ئەرک و بەرپرسیارێتییە نوێیەیدا کە پێی سپێردراوە بە هەموو توانایەوە هەوڵ دەدات بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.