لە ڕۆژئاوای کوردستان خوێندن لە سەرجەم ناوەندەکان دەکرێت بە زمانی کوردی

کوردستان 05/07/2020

چاودێر

 

ئەگەرچی بەشێکی بەرچاوی قۆناغەکانی خوێندن بە زمانی کوردییە، بەڵام بەڕێوبەری خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان بڕیاری دا قۆناغی ١٢ش لە ساڵی داهاتووەوە بە کوردی بخوێنن و بەوەش تەواوی دەزگاکانی خوێندن لە یەکەوە تا زانکۆ سەرجەمیان دەکرێن بە کوردی.

 

بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر سێ کۆلێژی کردووەتەوە، لە هەموویان گەورەتر کۆلێژێکە لە هەرێمی جزیرە، کە ئەمساڵ دووەم دەستەی قوتابیان لێی دەرچوون، تاوەکو ئێستا ئەو زانکۆیەی جزیرە ئەو قوتابیانەی وەردەگرت کە بڕوانامەی پۆلی 12یان لەلایەن حکومەتی سووریاوە پێدرابوو، بەڵام ئێستا قوتابیانی پۆلی 12 بەشێوەی خوێندنی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئامادەن.

زانکۆی سەرەکیی رۆژئاوای کوردستان لە قامشلۆیە، بەڵام لقی لە رومێلان و حەسەکەش هەیە، کۆلێژەکانی بریتین لە: ئەندازیاریی کشتوکاڵ، هونەرە جوانەکان، ئەدەبیاتی کوردی، ژنناسی، ئەندازیاریی نەوت، ئەندازیاریی پترۆکیمیایی، پەروەردە. هەروەها حەوت بەشیش لەخۆدەگرێت: مێژوو، جوگرافیا، مامۆستای پۆل، بیرکاری، فیزیا، کیمیا، سروشتزانی، هەروەها بەشێکی تازەش بۆ ئەمساڵ کراوەتەوە، کە پەیمانگەی دارایی و کارگێڕییە.