مەلا بەختیار: مام ئەحمەد پاك و سەربەرزانە ژیان ئاوایی لەكوردستان كرد

کوردستان 05/07/2020

 

مام ئەحمەد.. پاك و سەربەرزانە
ژیان ئاوایی لەكوردستان كرد
مەلا بەختیار

مام ئەحمەد مامەنداوایی، هەفتەی رابردوو، دوای تەمەنێكی سەربەرزانەی پێشمەرگانە، گیانی سپاردە خاكی كوردستان.. ئەو كوردستانەی، هەموو تەمەنی پێ بەخشی.
مام ئەحمەد!
پێشمەرگەی كۆڵنەدەری سەرەتای شۆڕش بوو، بێ دابڕان لە شۆڕش و یەكێتی.
 زۆر بون ئەو سەرۆك هۆز و خێڵانەی لەسەرەتای شۆڕشدا، وایان دەزانی دوای چەند مانگێك لەگەڵ حكومەتدا رێك دەكەوین و كۆتایی بە شۆڕش دێ.. ئەمانە دوای چەند مانگێك، هاوینی 1977 تەسلیم بونەوە. بەڵام...
مام ئەحمەدەكەی هەتاسەر یەكێتی.. كۆڵی نەدا. مام جەلال و شۆڕشی بۆ ماڵی دونیا جێنەهێشت.
من.. یەكەمینجار تەمموزی 1977، لە كیفارینەی پشتی قەندیل، بینیم. (كیفارینە گۆڕەپانێكە 16 كانیی ساردو سازگاری تێدایە). خۆی و شەهید عەلی كوڕی و خزمەكانی.. مەفرەزەیەك بون، خۆڕاگر و بە خزمەت. هەمیشە دەیگوت: بە خوڵای.. مام چی بێ.. من هەوم. ئەوكاتە، شەهید عەلی عەسكەری، رەسوڵ مامەند، سەعدی گچكە، سەید كاكە، زیاتر لە (200) پێشمەرگەی لێبوو. ئێوارەیەكیان لەسەر جۆگەیەك هەواریان هەڵخستبوو، داوەتی كردین. هەتا پێمان خۆشبێ، خانەدان و بە خزمەت بوون. جوانترین داب و نەریتی كوردەوارییان، لە دەوارەكەیاندا، لەو شاخ و كوێستانەدا، بۆ خۆیان رێكخستبوو.
مام ئەحمەد، هەر لەگەڵ سەركردایەتیداو لەگەڵ مام جەلالدا مایەوە. هەتا سەركردایەتی چۆڵ كرا لە خڕی نێوزەنگ، ئەركی پێشمەرگایەتی، لەوێ جێبەجێ دەكرد.
پیاوێكی سادە. راستگۆ، بە خزمەت. دابونەریتی بناری ئاسۆس و كوردەواری ئەو دەڤەرەی پاراستبوو. لەو ساڵانەدا، مام ئەحمەد، هەموو كەس لێی رازی بوو. كاتێك بزوتنەوە جیابونەوە، دراوسێ گوندی شیلانە بون. كاك رەسوڵ مامەند، ئاشنایان بوو. جیابونەوەی پێ ناخۆش بوو. رێزی كاك رەسوڵی هەر دەگرت. بەڵام یەكێتی بۆ خزمایەتی جێنەهێشت.
پیاوی جوامێری وا.. جێگەی شانازییە. دوو كوڕی شەهید بووە، كۆڵنەدەر. پاك.. لەهەموو تەمەنی پێشمەرگایەتیدا، كەس دڵی لێی نەڕەنجا.
مام ئەحمەد؛
بە سەربەرزی ژیا. بە سەربەرزی كوردستانی خزمەت كرد. چۆن بە پاكی و بێباكی هاتە دەرەوە. هەر بەو شێوەیەش لەدوای راپەڕین پاكی خۆی پاراست و بەو پاكیەش كۆچی دوایی كرد.
دۆست بوین. هەر بەو رێگایەدا رۆشتبام، سەرم لێدەدا. ئەویش لە قسە نەستەقەكانی بێبەشی نەدەكردین.
هەزار رەحمەت لە گۆڕەكەی..