لە دە ملیار دۆلاری داهاتی خاڵە سنوورییەکان ملیارێکی بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە

عێراق 04/07/2020

چاودێر

 

پەرلەمانتارێکی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، داهاتی ساڵانەی دەروازە سنوورییەکان 10 ملیار دۆلارە، بەڵام حکومەت تەنها یەک ملیاری دەست دەکەوێت.

مازن فەیلی لە نووسراوێکدا، داوای لە حکومەتی عێراقی کرد، "هەنگاوی خێرا و ڕێکاری کردەیی بنوێنێت بۆ دەستخستنەوەی داهاتی دەروازە سنوورییەکان، کە بەها ڕاستەقینەکەی لە ساڵێکدا 10 ملیار دۆلار کەمتر نییە، بەڵام ئەوەی دەستی حکومەت دەکەوێت لە یەک ملیار دۆلار تێناپەڕێت."

پەرلەمانتارەکە جەختی لەوە کردەوە، "دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ ئەم هاوپێچە ئابوورییانە، نەک تەنها داهاتی زیاتریش فەراهەم دەکات و بودجەش دەبووژێنێتەوە، بەڵکو پشکیشی دەبێت لە چالاککردنەوەی کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵی و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ، سەرەڕای ئەوەی هەلی کار بۆ گەنجانی عێراق زیاد دەکات و ڕێگریش دەبێت لە هاتنەناوەوەی دراوی قورس بۆ هاوردەکردنی کالای دەرەکی".

ڕۆژی 30ی حوزەیران، وتەبێژی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ئەحمەد مەلا تەڵاڵ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "سەرۆکوەزیران ماوەی دوو هەفتەیە لەگەڵ لایەنەکانی پەیوەندیدار بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەکات تاکو شکۆی دەوڵەت بەسەر ئەو دەروازە سنوورییانەدا بسەپێنێت."

وتەبێژی حکومەتی عێراق وتیشی، "هەندێک لە دەروازە سنوورییەکان (ناوەڕاست و خوارووی عێراق) مافیاکان دەستیان بەسەردا گرتوون و زۆربەی داهاتەکان دەچنە باخەڵی گەندەڵەکانەوە."