توركیا لەنێوان دیموكراتی و حوكمی عەسكەریدا

جیهان 03/07/2020

بەشی دوازدەیەم
ئا. ڕۆژنامەنووس محەمەد عەلی بیراند
و. لەتوركیەوە هاوكار فایەق
عیسمەت پاشا دەڵێت ( گەر كودەتا هۆكارێك بێت بۆ ڕزگاركردنی میلەتێك ئەوا ئەو كودەتایە شەرعیيە)

پێش ئەنجامدانی كودەتا بەچەند مانگێك عیسمەت پاشا لەوتارێكیدا ڕایگەیاندبوو گەر بارودرخ  و مەرجەكان لەبار بن ئەوا بۆ ڕزگاركردنی میلەت كودەتا شەرعیە.
ئەم وتارەی عیسمەت پاشا ناڕەزایی زۆری حكومەتی لێكەوتەوە بەبڕوای حكومەت هیچ بارودۆخێك لەئارادا نیە تا پێویست بەئەنجامدانی كودەتا بكات.
لەچاوی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتدا ڕوداوەكان جیاواز دەبینران،  بەجۆرێك كە ئۆپزسیۆن كودەتای بەتەنها چارەسەر دەزانی بۆ ڕزگاركردنی توركیا لەو بارودۆخەی تێیكەوتبو .
میدیا و زانكۆكان و سەندیكاكان و سیاسەتمەداران و ڕۆژنامەنوسان لەژێر فشارێكی گەورەدا بون ، ڕۆژ بەڕۆژ ئازادی بەر تەسك دەبۆوە، ئیتر دەسەڵات نەیدەویست كەس ڕوبەڕوی ببێتەوەئابوری وڵات تا دەهات بێهێزتر دەبوو ، ئەو پارتەی كە بەدەنگی خەڵك و لەڕێگەی هەڵبژاردنی دیموكراتیەوە دەسەڵاتی گرتە دەست ئێستا بۆتە پارتێكی تەواو دیكتاتۆری و بۆمانەوەی لەسەر دەسەڵات ئامادەیە هەمو كارێكی قێزەون ئەنجام بدات ، سوپاش دەیوت ئیتر كاتی هاتوە ئەم حكومەتە لەناوببرێت .
سەردەمێك هاتبوە پێشەوە كە خەڵك تەنها بیری لەنان دەكردەوەهیچ ئاگایەكی لەوە نەمابوو كە كێ لەسەر دەسەڵاتە و كێ دەیەوێت دەسەڵات بگرێتە دەست ، خەڵك بۆ باشتركردنی باری گوزەرانیان ئامادە بون هەمو كارێك ئەنجام بدەن، بۆ ئەو گرنگ نەبوو كە دەسەڵات دیموكرات بێت یان دیكتاتۆر موسوڵمان یان كۆمۆنیست  ئەو تەنها بژێوی ژیانی دەویست كە ساڵانێكی زۆر لەقەیرانێكی گەورەدا دەژیان.
25 مایسی 1960 ( پەرلەمان )
ڕۆژە ناخۆشەكان لەپەرلەمانەوە دەستیپێكرد ، كە ئەو ڕۆژە 90 پەرلەمانتاری سەر بەدەسەڵات یاداشتێكیان ئاڕاستەی حكومەت كرد كە لە3 خاڵ پێكهاتبوو :
1-لێكۆڵینەوە و لێپێچینەوە لەكۆمۆنیستەكان و سەندیكاكان و پارتە سیاسیەكان هەڵبگیرێت و كەس بەبێتاوان ڕاپێچی زیندان نەكرێت .
2- دەبێت بەزوترینكات بۆ ڕزگاركردنی حكومەت و خەڵك هەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجام بدرێت .
3- ئەوەی لەبارەی سوپاوە باسی لێوەدەكرێت (واتە ئەنجامدانی كودەتا) دەبێت ئەوجەنەڕاڵانە بانگهێشتی پەرلەمان بكرێن و لێرە لێپێچینەوەیان لەگەڵ بكرێت و سزا بدرێن.
بەڵام سەرۆكوەزیران هیچ كات ڕازی نەبوو كە جەنەڕاڵەكان لەپەرلەمان لێپێچینەوەیان لەگەڵ بكرێت،چونكە نەیدەویست سوپا لەخۆی بڕەنجێنێت .
هەر ئەو ڕۆژە سەرۆكوەزیران هۆڵی پەرلەمان جێدەهێڵێت و بەرەو كۆشكی كۆماری بەڕێدەكەوێت بۆ بینینی ئەو بڕیارو ڕیفۆرمانەی كە لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە ئامادە كرابوو.
دوای هەڵسەنگاندنی بڕیارەكان لەلایەن مەندەرەسەوە پەسەند كرابوو ئەو ڕۆژە زۆر ماندو بوو وەك خۆی بڕیاریدابوو بۆ پشویەكی 3 ڕۆژە سەردانی ( ئەسكی شەهیر بكات) كە دواجار ئەو شارە بوبە دوا وێستگەی دەسەڵاتەكەی .
25 ی مایسی 1960كاتێك فڕۆكەكەی مەندەرەس لەفڕۆكەخانەی سەربازی ئەسكی شەهیر دەنیشێتەوە( لەلایەن بەرپرسانی شارەكەوەپێشوازی گەرمی لێدەكرێت و هەرگیز بیری لەوە نەكردبۆوە كە ئەوە دواڕۆژەكانی دەبێت .
26 ی مایسی 1960 ( وەزارەتی بەرگری )
كاتێك سەرۆكوەزیران سەرقاڵی دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاری بوو وەزیری بەرگری ( روشدی ئەرداڵ ) و جەنەڕاڵە ناڕازیەكانی ناوسوپا لەوەزارەتی بەرگری لەكۆبونەوەدا بون بۆ هەڵسەنگاندی بارودۆخەكەكە ئایا ئێستا دەتوانن دەست پێبكەن یاخود دوای بخەن بۆ كاتێكی لەبارتر ، بەڵام بەكۆی دەنگ ئەم كاتەیان بەباش زانی بۆ ئەنجامدانی كودەتاكە هەر بۆیە هەمو چون بەلای ئەو كارانەوە كە پێیان سپێردرابوو .
كات درەنگ بوو هەمو جەنەڕاڵەكان لەئامدەباشیدا بون بۆ ڕاگەیاندنی كودەتا و ڕوخاندنی حكومەت.
ئەوسەربازو پلەدارانەی كە پێشتر لەلایەن وەزیری بەرگریەوە گواسترابونەوە  بۆ شوێنە هەستیارەكان بەم شێوەیە بوو :
1 ئەحمەد یەڵدز سەرپەشتی ئۆپراسیۆنی كودەتا ئەستەنبوڵ.
2-عوسمان گۆكساڵ راِسپێردرابوو بۆ دەستگیركردنی سەرۆك كۆمار جەلال بایار .
3- جەنەڕاڵ ئارپارسڵان توركەش راِسپێردرابوو بۆ دەستگرتن بەسەر ئیزگەو تەلەفیزیۆنی فەرمی توركیا و دواتر خوێندنەوەی ڕاگەیاندنی پرۆتۆكۆلی كودەتاكەلەئیزگەكەوە.
بەشێوەیەكی گشتی ئامادەكاریەكان بەم شێوەیە ڕێكخرابون.
26 ی مایسی 1960  كاتژمێر 9ی شەو ( ئەسكی شەهیر) 
مەندەرەس ئەو شەوە بۆ خوانێك داوەت كرابوو لەسەرەتادا هەمو شتێك ئاسایی بوو دواتر بەهاتنی پەیوەندیەكی تەلەفۆنی لەئەنقەرەوە هەمو شتێك دەزانێت ، پێی ڕادەگەیەنن كە ئەمشەو كودەتا لەئەنقەرەو ئیستەنبوڵ دەست پێدەكات بۆیە خۆت ڕزگاربكە . 
26 ی مایسی 1960 كاتژمێر 11 ( كۆلێژی سەربازی )
ئیتر كاتی ئەنجامدانی كودەتاكەبوو دەستەی بەڕێوەبەری كودەتاكە لەئەنقەرە كۆبونەوەیەكیان ئەنجامدا و تیایدا باس لەچۆنێتی ئەنجامدانی كودەتاكە دەكرا.
لەپێش هەمو كارێكی سەربازی كارە تەكنیكی و تەكنەلۆجیاكان ئەنجام دران وەك بڕینی هێڵی تەلەفۆن و بڕینی پەخشی ڕادیۆ و تەلەفیزیۆن و كارە هونەریەكانیتر .
دواتر پلان دانرا كە چۆن بتوانن بەبێ هیچ خوێن ڕشتنێك سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران دەستگیر بكەن.
جەنەڕاڵە سەربازیەكان زۆر دڵ خۆش بون بەوەی كە ئەوكارەی كە سوپا 6 ساڵە ئامادەكاری بۆ دەكات وا لەكۆتایی نزیك بۆتەوە.
دوای چەند كاتژمێرێك ئەنقەرە لەدەنگی تانكەكانی سوپا بەئاگادێن ، دواتر هەواڵ دەدەنە سەرۆك كۆمار بەڵام ئیتر زۆر درەنگ بوو .
هێزەكانی سوپا بەرەو ئیزگەو تەلەفیزیۆن بەڕێكەوتن و دەستیان بەسەردا گرت كاتژمێر نزیكەی 3ی بەرەبەیانە تانكەكان بەڕێكەوتن بەرەو كۆشكی كۆماری .
لەدوای دەستبەسەرداگرتنی ئیزگەی فەرمی توركیا (  جەنەڕاڵ  ئارپارسڵان توركەش یەكەم بەیاننامەی كودەتاكەی بەخەڵك ڕاگەیاند كە ئەمەش دەقەكەیەتی :
ئێرە دەنگی فەری توركیایە هاوڵاتیانی خۆشەویست هەموتان ئاگادار دەكەینەوە كە لەنیوەی شەوەوە هێزە چەكدارەكانی سوپای توركیا دەستیان گرت بەسەر حوكمی ئیداری لە وڵاتدا ، ئەم ئۆپراسیۆنە گەورەیەش بەبێ خوێنڕشتن كۆتایی هاتوە ،بۆیە ئاگادارتان دەكەینەوە لەماڵەكانتان مەیەنە دەرەوە و قەدەغەی هاتو چۆ تا كاتێكی نادیار ڕاگەیەنراوە.