نێوەرۆكی كۆبوونەوە داخراوەكەی ئەردۆغان و ئەمیری قەتەر

ڕاپۆرت 02/07/2020

  

ڕۆژی پێنج شەممە شێخ تەمیم بن حەمەد ئەمیری قەتەر پێشوازیكرد لە رەجەب تەیب  ئەردۆغان سەرۆكی توركیا كە بەسەردانێك گەیشتە قەتەر ئەمڕۆ لە یەكەم سەردانی سەرۆكی توركیا بۆ دەرەوەی وڵات لە دوای بڵاوبونەوەی نەخۆشی كۆرۆنا.

ئاژانسی هەواڵی قەتەر بڵاویكردەوە، پەیوەندی ستراتیژی نێوان قەتەر و توركیا تاوتوێكراوە بۆ پەرەپێدانی لەسەرجەم بوارەكاندا، بەتایبەت هاوكاری ئابوری و وەبەرهێنان و بازرگانی و وزە و بەرگری و بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوو وڵات و هەردوو گەلی برا.

هاوكات ئەمیری قەتەر و سەرۆكی توركیا جەختیانكرد لەسەر پاڵنان بەپەیوەندییەكانی هەردوو وڵات بۆ بەرزكردنەوەی زیاتری ئاستی هاوكاری لەسەرجەم بوارەكاندا.

لە كۆبونەوە داخراوەكەدا كە سێ كاتژمێری خایاند هەردوو گەورە كاربەدەستی قەتەر و توركیا، گفتووگۆیان كرد لەسەر پێشهات و پەرەسەندنەكانی فەلەستین و لیبیا و سوریا و یەمەن لەگەڵ ڕاگۆڕینەوە لەبارەی دۆسێ نێودەوڵەتییەكان كە بەلای هەردوولاوە گرنگن.

لای خۆیەوە ئاژانسی ئەنادۆڵی توركی بڵاویكردەوە، كۆبونەوەكە داخراوبووە، سێ كاتژمێری خایاندووە و یەكەم سەردانی ئەردۆغانە لەدوای بڵاوبونەوەی كۆرۆنا.

لای خۆیەوە ئەمیری قەتەر لەتویتێكدا لە هەژماری خۆی لە توێتەر گوتی: بەبۆنەی سەردانی برام سەرۆك ئەردۆغانەوە دەمهەوێت ئاماژە بە دڵخۆشی بكەم بە قوڵی پەیوەندییەكانی گەلی توركیا و قەتەر و دراوسێیەتی جوگرافی و شارستانێتی نێوان عەرەب و توركیا، كە بوونە بنەمای هاوكاری بۆ گەشەكردنی ناوچەكەمان و سەقامگیریی و ئاسانكاری بۆ پێشكەوتنی مرۆیی بە گشتی.

ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممە ئەردۆغان بە سەرۆكایەتی شاندێكی توركیا گەیشتە دۆحە، لەنێویدا وەزیری بەرگری خولوسی ئاكار، هاكان فیدان سەرۆكی دەزگای هەواڵگری میت، بەرائەت بەیراق وەزیری دارایی هەبوون و لە فڕۆكەخانە لەلایەن وەزیری بەرگری قەتەر خالید بن عەتیە پێشوازیكراون.

لای خۆیەوە عەبدوڵڵا بن حەمەد عزبە بەڕێوەبەری سەنتەری قەتەری بۆ رۆژنامەوانی و سەرنووسەری رۆژنامەی العرب-ی قەتەری لەتویتێكدا نووسی: دیداری نێوان براكان.. ئەی برایان.. ئەی مسوڵمانان، خزمەتكاری مسوڵمانان لە میوانداری سەركردەی عەرەبی تەمیم ئەی برایان.
سەرچاوە:CNN