بۆچی هەشت هەزار ماسی لەناوچوون ؟

کوردستان 02/07/2020

چاودێر

شەوی رابردوو، لەگوندێكی سەر بەقەزای سەیدسادق، لەحەوزێكی ماسی بەخێوكردن، زیاد لەهەشت هەزار ماسی لەناوچوون، هۆكارەكەشی پیس بوون و ژەهراوی بوون بووە.

تەها ئەحمەد، لێپرسراوی راگەیاندنی قایمقامیەتی قەزای سەیدسادق، بەچاودێری راگەیاند: شەوی رابردوو لەلایەن یەكێك لەخاوەن حەوزەكانی بەخێوكردنی ماسی، لەگوندی  دۆڵاشی سەر بە قەزای سەیدسادق، ئاگاداركراینەوە كە زیاد لەهەشت هەزار ماسی حەوزێكی ماسی بەخێوكردنەوە لەناوچوون، دواتر بەفەرمانی قایمقامێتی قەزای سەیدسادق دەستمان بەلێكۆڵینەوە كرد.
وتیشی "پاش پشكنین و لێكۆڵینەوە لەلایەن لیژنە و پزیشكی هۆبەی ڤێتەرنەری، دەركەوت كە بەهۆی پیس بوون و ژەهراوی بوونی ئاوەكە و بەرزبوونەوەی ماددەی ئامۆنیا بووە بە هۆكاری لەناوچوونی ماسییەكانی ئەو حەوزە.
جەختی لەوەشكردەوە: یەكێكی دیكە لەهۆكارەكانی لەناوچوونی ئەو ماسیانە دەگەڕێتەوە بۆ درووست بوونی قەوزە و نەمانی ئۆكسجین و پیس بوونی زۆر و نەگۆڕینی ئاوی ناو حەوزەكان، بەو هۆیەشەوە ماسییەكان ژەهراوی بوون و لەناوچوون.