گەشتێكی ئاسمانی لەسلێمانیەوە بۆ توركیا ئەنجامدرا

کوردستان 02/07/2020

چاودێر
دوای ماوەیەكی زۆر لەراوەستانی گەشتە ئاسمانییەكان، بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، یەكەم گەشتی ئاسمانی، لەفڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، بۆ توركیا ئەنجامدرا.
تاهیر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، وتی" هەر گەشتێك لەفڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانییەوە ئەنجام بدرێت، بە پێی ڕێنوێنی و دەسەڵاتی فڕۆكەوانی مەدەنی عێراقی، بە ڕێنوێنییە تەندروستییەكانەوە ئەنجام دەدرێت".
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەمڕۆ سەعات چوار و پێنج خولەكی بەرەبەیانی، یەكەم گەشتی ناچاری هێڵی ئاسمانی ئۆنور ئێر لەفڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانییەوە بۆ فڕۆكەخانەی ئیستانبوڵ، لەوێشەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا ئەنجام درا، ژمارەی گەشتیارانی ئەم گەشتە تایبەتە 157 گەشتیار بوو.
ئەنجامدانی ئەو گەشتە لەكاتێكدایە كە بەهۆی كۆرۆناوە، لەمانگی سێی رابردووی ئەمساڵەوە، تەواوی گەشتە ئاسمانیەكان لەهەرێمی كوردستان بۆ وڵاتانی دەرەوە راگیراوە و ماوەی ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەكانيش، لەعێراق و هەرێمی كوردستان، بۆ 15ی تەمووز درێژ كراوەتەوە و ئەو بڕیارەش گەشتی فڕۆكەكانی مانگی سوور، سەربازی، تەندروستی و بارهەڵگر (كارگۆ) ناگرێتەوە.