ڕۆژانە نزیکی ١٠٠ تووشبووی کۆرۆنا لەسلێمانى چاکدەبنەوە

کوردستان 30/06/2020

چاودێر:

 

بەپێی خەمڵاندن و زانیارییەکانی (چاودێر)، ڕۆژانە نزیکی ١٠٠ تووشبووی کۆرۆنا چاکدەبنەوە و دەنێردرێنەوە بۆ ماڵەوە.

 

لەشاری سلێمانى چوار نەخۆشخانە وەک سەنتەری چارەسەری کۆرۆنا دەستنیشانکراون، کە پێکدێن لە( جمهوریەکە، ئاسا، شەهید ئاسۆ و نەخۆشخانەکەی سەرچنار)، کە هەر یەکەیان ڕۆژانە تووشبووانی کۆرۆنای لێ دەخەوێندرێت، ئەگەریش حاڵی تووشبوان باشبوو دەنێردرێن بۆ گوندی سەناریا یان بۆ ماڵەوە.

 

داهات حەوێزی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی جمهوری سلێمانی لەبارەى دۆخی سەنتەری کۆرۆنا لە نەخۆشخانەى جمهوری ڕایگەیاند،ڕۆژانە نزیکەی ۲۰ نەخۆش بەرەو باشی دەچن و دەیانێرینەوە بۆ تەواوکردنی چارەسەرەکەیان لە ماڵەوە یان لە ئوتێلە تەرخانکراوەکان.

 

بەپێی خەمڵاندنێکی (چاودێر)، بە لەبەرچاوگرتنی ڕێژەى قەڕەوێڵکانی هەر نەخۆشخانەیەک، ڕۆژانە نزیکی ١٠٠ تووشبووی کۆرۆنا چاکدەبنەوە.

 

لەلایەکی دیکەوە هێرش سەلیم جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانى، ئاماژەى بەئەوەداوە، ڕۆژانە لەسالێمانی سەدان کەس چاکدەبنەوە.

 

ئەمە لەکاتێکدایە وەزارەتی تەندروستی و بەرپرسانی تەندروستی پارێزگای سلێمانى ئاماری چاکبوونەوە لەکۆرۆنا بڵاوناکەنەوە.