یەكێك لەبكوژەكانی گەنجەكەی رانیە دەستگیركرا

کوردستان 30/06/2020

چاودێر: لەلایەن هێزەكانی پۆلیسی راپەڕینەوە یەكێك لەتاوانبارانی رووداوەكەی شەوی رابردوو كە بەهۆیەوە كەسێك لەرانیە كوژرا دەستگیركرا.

 

پۆلیسی راپەڕین راگەیاندوە، بەرواری ٢٩/ ٦/ ٢٠٢٠ تەرمی هاووڵاتی (س،ع) تەمەن 30 ساڵان لە ڕەگەزی نێر دانیشتوی ڕانیە گەیەنرایە پزیشكی دادوەری ڕانیە كە شوێنەواری فیشەك بەجەستەیەوە هەبوو. هاوكات دوو برینداری تر لەگەڵ تەرمی ناوبراو گەیەنرانە نەخۆشخانە، بەناوەكانی (ع،ع،) تەمەن 38 ساڵان دانیشتوی ڕانیە كەدەكاتە برای كوژراوەكە و برینداری دووەم بەناوی (م،م) تەمەن 17 ساڵان دانیشتوی ڕانیە كە هەردوكیان لە ڕەگەزی نێرن و لە نەخۆشخانە چارەسەری پزیشكیان بۆ كراوە و برینەكەیان جێگیرە.

كوشتن و برینداركردنی ناوبراوان لە ڕوداوێكی تەقەكردن لەناو دوكانێكی مۆبیلیاتدا بووە. بە وتەی بریندار (ع،ع) لەلایەن كەسێكەوە لەسەر كێشەیەكی نێوان خۆیان لەناو دوكانەكەیدا تەقەیان لێكراوەو بووەتە هۆی كوشتن و برینداربوونی ناوبراون.

دوای ئەنجامدانی توێكاری پزیشكی بۆ تەرمی ناوبراو، ڕادەستی كەسوكاری كرایەوە. مەلەفی لێكۆڵینەوە بۆ ڕوداوەكە كرایەوە لەگەڵ فەرمانی دەستگیر كردن بۆ تەقەكەرەكە دەركردووە بەپێی مادەی 405 لە یاسای سزادانی عیراقی و لێكۆڵینەوە لە ڕوداوەكە بەردەوامە.