هونەری حەسەن زیرەك تادێت گەشەتر دەكات

ڕاپۆرت 27/06/2020

 

حەسەن زیرەك گۆرانیبێژی ناوداری كورد، ھونەرمەند و مۆسیقازانی سرووشتی لە29ی تشرینی دووەمی ١٩٢١ لە مەڵبەندی موكریان لە گوندی هەرمێلەی نێوان شارەكانی بۆكان و سەقزی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە دایك بووە و لە 26ی حوزەیرانی١٩٧٢ لە بۆكان كۆچی دوایی كردووە، هەر لەوێ لە شاخی ناڵەشكێنە بەخاك سپێردراوە.

ئەو یەكێكە لە بەناوبانگترین ھونەرمەندانی كورد، بەرچاوترین كاری ئەو كۆكردنەوەی گەنجینەیەك لە ھونەری ئاواز و گۆرانی كوردییە، كە بە دەنگی ئەو خوێندراون.

زیرەك باوكی ناوی عەبدوڵڵایە و دایكی ئامینی ناو بووە، باوكی لە لای خانانی ئاغای گوندی ھەرمێلە كاریكردووە، لە بەر لێھاتوویی بە زیرەك ناوی دەركردووە. ناوبراو جگە لە حەسەن دوو كوڕی دیكەی بە ناوەكانی حسێن و مینە ھەبوون. لە تەمەنی خوار دە ساڵاندا لەگەڵ چەند كەس لە دەنگ‌خۆشانی بۆكان لە شاییەكانی ناو شار و گوندەكانی بۆكان گۆرانی خوێندووە.

لە حەوت و ھەشت ساڵاندا بەردەستی مسگەری و قاوەچێتی دەكات و ھەروەھا خزمەتی ماڵە دەوڵەمەندەكانی بۆكانیشی كردووە.

زیرەك منداڵ دەبێت، كە باوكی دەمرێت (تەمەنی یازدە ساڵان دەبێت، كە بابی كۆچی دوایی دەكات)، بە دوای مردنی باوكیدا بنەماڵەكەیان لە دێ بار دەكات و دەچنە شاری سەقز، پاشان دایكی زیرەك شوو دەكاتەوە، ئەمە دەبێتە ھۆی دژواری زیاتر لە ژیانی ئابووری و كۆمەڵایەتی بۆ زیرەك و خوشك و براكانی.

لە تەمەنی دوازدە ساڵیدا دەگەڕێتەوە ھەرمێلە و لە لای خانان ئاغای ئەو دێیە بە كاركەر دادەمەزرێتەوە و بۆ درێژەی ژیانی دەستدەكات بە قاوەچێتی و چاوساخی و بەردەستی ئاغاوات.

ھەر لەو تەمەنەدا دەنگە خۆشەكەی سەرنجی خەڵكی ئەو دێیە بۆ لای خۆی ڕادەكێشێت و ھەموو ھەوڵی ئەوەیان دەبێت زیرەك لە دەنگە خۆشەكەی بێ بەشیان نەكات، كە خانان دەبینێ زیرەك دەنگی ئاوا خۆشە، ئەمجار زیاتر بایەخ بە ئەو دەدا و ڕێگا دەدا زیرەك بێتە دیوەخان و بە گۆرانییەكانی كۆڕی میوانانی خان بڕازێنێتەوە.

لەو لاشەوە زیرەك مێرد منداڵ و دەنگ خۆش، شەوە داوەت و ڕەشبەڵەكی كوڕان و كچانی دێ، بەزمی شەوانەیان خۆش دەكات.

دوای ساڵێك ھەرمێلە و لای ئاغەوات بە جێ دێڵێ و ڕوو دەكاتە شار، بە شاگردی كەبابچی و وردە كاری دیكە ژیان دەباتە سەرێ.

جارێكی دیكە دێتەوە بۆ ھەرمێلە و وەك تفەنگچی لە ماڵی ئاغەوات دادەمەرزێ، پاشان نێوانی لە گەڵ ئاغا تێكدەچێ و واز لە تفەنگچێتی و ئازار و ئەزیەتی خەڵك لە پێناو ئاغادا دێنێ، دەچێتە سەقز و دەبێتە شاگرد شۆفێری “مینە خانی ئەردەڵان” و لە نێوان سەقز و بانەدا دەست بە كار دەكات.

ڕۆژێك لە ڕۆژان كوڕە جەحێڵەیەكی گوندی قوڕەدەرێ بە ناوی مەحموود نارنج، دەكەوێتە بەر ماشێنەكەی و گیان لەدەستدەدات، لەترسان سەری خۆی ھەڵدەگرێ و ئاوارە دەبێت تا لە كوردستانی عیراق دەگیرسێتەوە، دواتر زیرەك دەگاتە شاری بەغدا و لەوێ بە ھۆی چەند كەسێك لە میوانخانەی “شومال ئەلكەبیر” دادەمەزرێ. لەوێش دەست دەكات بە گۆرانی خوێندن.

چەند كەس لە ناودارانی مۆسیقای كوردی وەك عەلی مەردان لە ساڵی ١٩٥٣ی زایینی زیرەك لەوێ دەبینن و هاوكار دەبن لە چوونی بۆ بەشی كوردی “ڕادیۆ بەغدا” بۆ یەكەم جار دەنگی لە ڕادیۆی كوردی بەغدا دەبیسترێ و بەم جۆرە مەیدانێكی باش بۆ خۆ نواندنی گۆرانیبێژی زیرەك پەیدا دەبێ.

مام جەلال سكرتێری گشتی پێشووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و سەرۆك كۆماری پێشووی عیراق لە بارەی زیرەكەوە، باسی لە ناسینی زیرەك كردووە لە بەغدا، گوتی: كە لە ڕێگەی دۆستێكی خۆیەوە، زیرەكی بردووەتە ڕادیۆی كوردی بەغدا.

مام جەلال دەڵێت: بەهار و هاوینی ساڵی خوێندنی (1954-1955) لەگەڵ هاوڕێی دێرینم كاك مستەفا قەرەداغی، كە تازە لە ئەمریكا هاتبووەوە، پێكەوە لە ژورێك دەژیاین لە هۆتێل (الشمال الكبیر)ی خوالێخۆشبوو كاكە حەمە، لەو هۆتێلەشدا حەسەن زیرەك وەكو كرێكار كاری دەكرد، منیش ئەوسا لاوێكی چەپی خۆ بەماركسیست زانی عەوداڵی هۆشیاركردنەوە و ڕێكخستنی ڕەنجدەران و كرێكاران بووم، بۆیە دۆستایەتیم لەگەڵ پەیداكرد، كە زانیم كوردی كوردستانی ئێرانیشە ئیتر ترسم لێی ڕەوییەوە، كە سیخوڕی عێراق بێت، بۆیە زووتر لەگەڵیدا چوومە ناو باسەكەوە.


جەلال تاڵەبانی لە درێژەی گێڕانەوەكەیدا گوتی :”لە ڕێی كوردایەتییەوە رامكێشا بەلای خۆماندا، تا وایلێهات ئەو بڵاوكراوانەی نهێنی، چ هی خۆمان و چ هی حزبەكانی تر، لای ئەوم دام دەناو ئەویش لە ژوورەكەی سەرەوەی هۆتێلەكەو لە سەربانەكە، كە زۆرتر نوێنی تێدا هەڵدەگیرا، بۆی دەشاردمەوە”.

دەشڵێت :”ئەویش ناوبەناو، كە ئیشی كەم دەبوو، دەهاتە ژوورەكەم، تا ڕۆژێكیان بەسەردا چووم، كە گۆرانی (كیژان دەچنە مێر گوڵان)ی دەگوت، منیش تاوێك هەستم لێی ڕاگرت و زۆرم بەلاوە خۆشبوو، ئیتر پیرۆزباییم لێ كردو تەشویقم كرد، شەویش هاتە ژوورەكەمان داوام لێكرد، گۆرانییەكەم بۆ بڵێتەوە، بەڕاستی زۆرم بەلاوە خۆشبوو، ئەویش هەندێك گۆرانی تری فۆلكلۆری كوردی بۆ گوتین، كە لەناویاندا (دەسماڵ هەریر سوورە)شم زۆر بەلاوە خۆشبوو”.

هەروەها مام جەلال گوتی :” لەگەڵ حەسەن زیرەكی هەڤاڵ و دەنگخۆشدا تا دەهات بەینمان خۆشتر دەبوو، ئەویش شەوان درەنگ، كە كارەكانی لەسەر سوك دەبوون، دەهاتە لام لە ژوورەكەمان گۆرانی خۆشی بۆ دەگوتین، پاش ماوەیەك دیتم دەنگی خۆشە و شارەزاییەكی باشی هەیە لە گۆرانی فۆلكلۆری كوردیدا، بۆیە كەڵكەڵەی گەیاندنی ئەو دەنگەیم بە ڕادیۆ كەوتەسەر، بۆیە هەستام چوومە لای كاك (عارف تاڵەبانی) خزممان، كە ئەوسا (مفتش اداری) بوو لە وەزارەتی ناوخۆ و زۆر دۆستی مدیری ئیزاعەی كوردی بەغدا بوو، لەلای كاك عارف باسی حەسەن زیرەك و گۆرانییەكانیم بۆ كرد، ئەویش بەلایەوە باشبوو، كە بیبەینە ئیزاعەی كوردی بەغدا، هەر بۆیەش لەبەر چاوی خۆم قسەی لەگەڵ مدیری ئیزاعەی كوردی كردو ئەویش ڕازی بوو، داوایكرد من حەسەن زیرەك بەرمە لای و ئەوانیش تاقیبكەنەوە، ئەوە بوو منیش چوومە هۆتێلەكەم و موژدەكەم دا بە حەسەن زیرەك، ئەویش لە خۆشیاندا قاچی ئەرزی نەدەگرت، بۆ رۆژی دووەم كە بردم لەگەڵ خۆم بۆ ئیزاعەی كوردی زۆر لەسەرخۆ لە تاقیكردنەوە بەشداری كردو سەركەوتوو بوو، لەو رۆژەوە وەرگیرا بە گۆرانیبێژ، بەو مەرجەی هەفتەی جارێك بچێت گۆرانی بڵێت و هەرجارەی 3 یان 4 دیناری بدرێتێ، ئەویش ئەوی رۆژێ زۆر زۆر بوو، چونكە ئەو لە هۆتێلەكە جگە لە خواردن و نوستن تەنها 3 دیناری وەردەگرت”.


حەسەن زیرەك لە ماوەی مانەوەی لە بەغدا دەیان گۆرانی تۆمار دەكات، ئەم گۆرانییانە ناو و ئاوازەی زیرەك بە كوردستاندا بڵاو دەكەنەوە.

زیرەكی گۆرانیبێژ لە ماوەی نزیك بە دەساڵ مانەوە لە عیراقدا دەبێتە دۆست و ئاشنای زۆر ھونەرمەند و گۆرانیبێژی بەناوبانگی كورد، لە ئەزموون و ڕێنوێنییەكانیان كەڵك وەردەگرێ و سەرنجیان بۆ لای مایە بەھرە ھونەرییە كەم وێنەكەی خۆی ڕادەكێشێ.

لە ١٤ی گەلاوێژی ١٩٥٨ گەڕاوەتەوە بۆ ئێران، لەوێ چووە بۆ ڕادیۆی تاران، كرماشان و تەورێز و لەوێوە گۆرانی خوێندوە.
ھەر لەو ساڵەدا لە ڕادیۆی تاران لەگەڵ میدیا زەندی ئاشنا دەبێت و پێكەوە ژیانی ھاوبەش پێك دێنن، كە ئاكامی ئەو ژیانە دوو منداڵ بە ناوەكانی “مەهتاب” و “ئارەزوو” دەبێ.

حەسەن زیرەك ماڵەكەی دەباتە شاری بانە و لەوێ لە “كانی مەلا ئەحمەد” چایخانەیەك دادەمەزرێنێ، دیارە شان بە شانی ئەو كارەش لە گۆرانی گوتن و كاری ھونەری ناوەستێ و لە بەزم و شادی خەڵكدا بەشداری دەكات و بە بۆنەی جۆراوجۆرەوە گۆرانی تۆمار دەكات.

پاشان دەچێتە شاری مەھاباد و لە دواكاتەكانی ژیانیشیدا دەچێتە شاری شنۆ، لە شاری شنۆ بە كار و كاسبی ژیان تێپەڕ دەكات.

لە ساڵانی ١٩٦٠ – ١٩٦١ لە شاری سلێمانی لە تیپی “شانۆی ھونەرەجوانەكان” لەگەڵ “سێوەخان” و “رەشۆڵ عەبدوڵڵا” لە شانۆكای «بووكی ژێر دەواری ڕەش» و «خەسوو یان ئەژدیھا» و «تەڕپیر» بەشداری كردووە.

لە نێوان ساڵانی ١٩٦٧ – ١٩٦٨ لە شاری سەقز ھۆتێلی سێ ئەستێرەی ھەبووە، كە بۆخۆی لەوێ گۆرانی گوتووە.

یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی گۆرانییەكانی حەسەن زیرەك، پشت بەستنی ئەو بە گۆرانی فۆلكلۆرییە، ئەو چاوی بە زۆر ناوچە و مەڵبەندی كوردستان كەوتووە، لێیان ماوەتەوە، لە خەڵكەكەی میوان بووە و ھەڵسان و دانیشتنی لەگەڵیان بووە و لەگەڵ شێوەی ژیانیان و جلوبەرگ و ھەڵس و كەتیان ئاشنا بووە.

ئەو گۆرانییانەی لە خەڵكەوە بیستوویەتی، فێر بووە، هەرچەند زیرەك زۆر گۆرانیشی هەیە كە ھەم ھەڵبەستەكەی و ھەم ئاھەنگەكەی ھی خۆیەتی، زیرەك لە شێعری كوردیش كەڵكی وەرگرتووە، لە ئەو شاعێرانە: نالی، وەفایی، سەید كامیل ئیمامی، كوردی، ھەردی، پیرەمێرد و هێمن، زیرەك بۆ وێنە شیعری “شەو”ی سەید كامیل ئیمامی كردووە بە گۆرانی.

حەسەن زیرەك گۆرانی فارسی و ئازەریی ھەیە، لەو جۆرە گۆرانییانەدا زیرەك ھەڵبەستی كوردی تێكەڵاو كردوون.
“گویلدر” یەكێكە لەو گۆرانییانە، كە بە زمانی ئازەری گوتوویەتی.
لە ماوەی ژیانی ھونەری، زیرەك دەربەدەری زۆری چێشت، ماوەیەك لە شارەكانی ئێران و ماوەیەك لە عیراق، لە ڕۆژانی دەسپێكی ژیانی لە باشووری كوردستان لە شاری سلێمانی كاری دەكرد، ڕۆژێك بەدەم كارەوە لە ژێر لێودا گۆرانی دەخوێنێت، ئەو گۆرانیبە و دەنگی زیرەك ھەستی ڕێبوارێك دەبزوێنێ و ئەو ڕێبوارە دەبێتە ھۆی گۆڕانكاری لە ژیانی زیرەك‌دا. بۆ ماوەیەك لە ڕادیۆ بەغدا كار دەكات و كاتێ لە ساڵی ١٩٥٦ بەشی كوردی ڕادیۆ تاران دەست بەكار دەكات حەسەن زیرەك بۆ تاران بار دەكات و لەوێ درێژە بە كار دەدات. زۆربەی بەرھەماكانی حەسەن زیرەك لە ڕادیۆ تاران لەگەڵ گەورەكانی مووسیقای ئێرانی وەك: حسەین یاحەقی، حەسەن كەسایی، جەلیل شەھناز، جەھانگیر مەلەك و ئەحمەد عیبادی بووە.

حەسەن زیرەك ئەگەرچی لەبەر بارودۆخی ئەستەمی ژیان لە خوێندن بێ‌بەش مابوو، بەڵام توانای بێ‌ وێنەی لە ھۆنینی شێعری كوردی و دانانی مۆسیقای كوردی ھەبوو، ئەو توانایە لەگەڵ دەنگی بێ ‌وێنەی بووە ھۆی ئەوەی كە گۆرانییەكانی حەسەن زیرەك لە سەرانسەری كوردستان ببێتە خۆشەویستی جەماوەری خەڵك، ئێستاش لە شار و گوندەكانی كوردستان و لە ماڵی كوردەكان گوێ لە گۆرانییەكانی دەگیرێت.

حسەن زیرەك نە لە ئێران و نە لە عیراق ڕووی خۆشیی نەدی، ھەڵسووكەوتی حكوومەتی ئێران كێشەی زۆری بۆ درووست‌ كرد، بۆ نموونە دوای ماوەیەك ڕێگەیان نەدا بە ڕادیۆ تاران، ئەوە دڵی ناسكی زیرەكی ڕەنجاند و بڕیاری ‌دا نەگەڕێتەوە تاران، باری كرد بۆ عیراق بەڵام لە بەغدا دەست‌بەسەر كرا و لە بەندیخانە ئەشكەنجە درا.

خۆی دەگێڕێتەوە، كە لە بن‌ میچ ھەڵواسراوە و لێی‌دراوە، بۆیە دوای ڕزگاری ڕەوانەی ئێران دەبێتەوە، بەڵام بۆ چارەڕەشی، لە ئێرانیش ساواك دەیگرێ و ئەشكەنجەی زۆری دەدەن، زیرەك لە شوێنێك چۆنییەتی ئەشكەنجەكان دەگێڕێتەوە و ئەو گێڕانەوە وەك یادگاری ماوەتەوە لێی.

حەسەن زیرەك لە نێوان ساڵانی ١٩٦٢ تا ١٩٦٤ لە ڕادیۆ كرماشان كاری كردووە. لەو ماوەدا لەگەڵ گەورەكانی مۆسیقای ئەو سەردەمە وەك موجتەبا میرزادە، محەمەد عەبدولسەمدی، ئەكبەر ئیزەدی و بەھمەن پوولەكی كاری كردووە و ئەو ھاوكارییە بووە ھۆی خولقاندنی بەرھەمی وا، كە وەك شاكارەكانی مۆسیقای ئەو سەردەمە یادگار ماون.

قەبری حەسەن زیرەك (چەپ) و قەبری قالەمەڕە (ڕاست) لە بۆكان، دوای ئەوەی نەخۆشییەك كە لە مێژ بوو حەسەن زیرەكی ئازار دەدا، لێی تووند كرد، چەند جار لە نەخۆشخانەكانی ورمێ و بۆكان خەواندیان.

سەرئەنجام نەخۆشی شێرپەنجە  ھێرشی بۆ دێنێ و شێرپەنجەی جەرگ لە زەوی دەدا و دوای ماوەیەكی زۆر لە جێگادا كەوتن لە ١٩٧٢ی زایینی دا لە نەخۆشخانەی شاری بۆكان ماڵئاوایی لە زێد و نێشتمانەكەی دەكات و چرای تەمەنی لە سووتان دەكەوێت و پەپوولەی گیانی قەفەسەی سینگی پڕ لە ماتەمی بەجێ ھێشت.

لە سەر ویستی خۆی لە داوێنی كێوی ناڵەشكێنە، كە دەڕوانێتە بۆكان ئەسپاردەی دایكی نیشتمان دەكرێت.