ئەگەر تووشی کۆرۆنا بوویت، چۆن لەماڵەوە خۆت چارەسەردەکەیت
چاودێر:
د.زانا دزەیی پسپۆڕی ھەناو و ڕاھێنراوی بۆردی نەخۆشییەکانی سنگ و ھەناسە کۆمەڵێک ڕێنمایی بۆ ئەو کەسانە داناوە کە تووشی کۆرۆنا بوون و لەماڵەوە خۆیان کەرەنتین کردووە، کە ئەمەی خوارەوە دەقی ڕێنامییەکانە:
بۆ ئەوەی زوو باش ببنەوە پێویستە ئەم ڕێنمایانەی خوارەوە جێبەجێ بکەن:
١-نەشڵەژان و نەترسان، بەڵام چاودێریی خۆت بکە.
٢-خۆت لە کەس و کارت جیا بکەوە لە ژوورێکی تایبەت و ماسک بە بەردەوامی ببەستە تا ڤایرەسەکە سووڕی ژیانی تەواو دەکات، تێکەڵی کەس مەبە و تا سێ ڕۆژ دوای تەواوبوونی نیشانەکانت، مەچۆرە دەرەوە. ھەموو شتێکت لەگەڵ خێزانەکەت جیا بکەوە.
٣-پێوانی ڕێژەی ئۆکسجین لە خوێنت بکە بە جیھازی pulse oximeter کە لە زۆربەی فڕۆشگای کەلو پەلی تەندروستیی ھەیە، ڕۆژانە ئەمە بەیانیان و عەسر و شەوان بکە.
ئەگەر ڕێژەی ئۆکسجین لە خوێنت دابەزی بۆ کەمتر لە ٩٤٪، ئەوا پێویستە سەردانی نەخۆشخانە بکەیت یان پزیشکی پسپۆڕ ئاگاداربکەیتەوە،
٤- ھەروەھا پێوانی گەرمی لەشت بکە بە گەرمییپێو، ڕۆژانە بەیانیان و عەسر و شەوان.
ئەگەر بۆ زیاتر لە ٤٨ کاژێر تایەکی زۆرت ھەبێت و بە ھیچ دانەبەزێت، ئەوا بەھەمان شێوە سەردای نەخۆشخانە بکە یان پزیشکی پسپۆڕی لێ ئاگاداربکەوە.
٥-پشووی تەواو بدە، لە ھەفتەی یەکەم وەرزش مەکە تەنھا پشوو بدە، پاشان دەتوانیت ڕۆژانە نیو کاتژمێر بۆ چل خولەک ڕێکردنت ھەبێت.
٦-ڕۆژانە ھەشت بۆ دە سەعات بە تەواویی بخەوە، ڕۆژانە بەتایبەت بەیانیان بۆ ماوەی چارەکە سەعاتێک خۆت بدە بەر تیشکی خۆر بە جۆرێک دەست و قاچ و سەر و ملت ڕووت بن.
٧-تا پێت دەکرێت ئاو زۆر بخۆرەوە، ڕۆژانە ھەشت بۆ دە پەرداخ ئاو، تا دەتوانیت میوەجاتە ترشەکان و سەوزەوات بەتایبەت بیبەر و پیاز و سیر و لیمۆ زۆر بخۆ.
٨-ئەگەر حەبی تا و ئازار شکێنت پێویست بوو، ئەوا پاراسیتۆل بەکار بھێنە بەجۆرێک حەبی ١ گم شەش سەعات جارێک.
٩-ھەڵمژینی ھەڵمی ئاوی کوڵاو زۆر بەسوودە، بەیانیان و ئێواران بۆ ماوەی پێنج خولەک ئەمە دووبارە بکەوە.
١٠-غەڕغەڕەکردنی بە ئاوی شلەتێن و خوێ ڕۆژانە بەیانیان و شەوان، بە جۆرێک لە ھەر غەڕغەڕەیەک با خوێواوەکە تا چل چرکە لەناو دەمت بێت، پاشان فڕێیبدە.
١١-خواردنی حەبی ڤایتەمین C ڕۆژانە حەبی ٥٠٠ملغم بەیانیان و ئێواران دوو حەب بەیەکەوە.
١٢-خواردنی حەبی زینک ٢٥ ملغم بەیانیان و ئێواران دوو حەب بەیەکەوە
١٣-خواردنی کەپسولی ڤایتەمین D ٢٠٠٠ بۆ ٥٠٠٠ وەحدە، ڕۆژانە لەگەڵ کەوچکێک لە ڕۆنی زەیتی زەیتوون.
ئەمانە چارەسەرەکانن بە شێوەیەکی گشتیی، شتی تر و چارەسەری تریش دەبێت لە کاتی پێویست و بە ڕاوێژ لەگەڵ پزیشکی پسپۆڕ بەکاربھێندرێت.