وەزارەتی دارایی پێچەوانەی بڕیاری حكومەت 21% لەسەرجەم مووچە خۆران دەبڕێت

ئابوری 24/06/2020

 چاودێر
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم، گۆڕانكاری لەخشتەی بڕینی سەرجەم وەزارەتەكان دەكات و مانگی حوزەیران بەرەو كۆتایی دەڕوات و هێشتا كاتی دابەشكردنی مووچەی مانگی شوباتی رابردوو بەلێبڕینيشەوە دیاری نەكراوە، ئەگەریش هەیە ئەمساڵ تەنیا شەش مووچە بدرێت.
شوان بەرزنجی، رۆژنامەنووس، لەپەیجی خۆی لەفەیسبووك، بڵاویكردۆتەوە، بەپێی ئەو زانیاری و بەدواداچوونەی ئەنجامم داوە، خشتەی لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران گۆڕانكاریی بەسەرهاتووە، وەزارەتی دارایی داوایكردووە هەموو وەزارەت و فەرمانگەكان، خشتەی لێبڕینی مووچەی هەموو فەرمانبەرێك، كە لە300هەزار دینار زیاترە، 21% ببڕن.
ناوبراو، دەشڵێت "واتا هەموو مووچەخۆرێك، مووچەكەی هەر چەند بێت، 21%ی لێ ببڕدرێ، تەنها پلە تایبەت و باڵاكان 50%ی مووچەیان دەبڕدرێت و سەرچاوەیەكی وەزارەتی دارایی ئەوەی پێراگەیاندم، خشتەی چەند وەزارەت و فەرمانگەیەكیان گەڕاندۆتەوە، كە بە رێژەی جیاجیا ئامادەیان كردبوو، داوایان لێكراوە هەمووی بكرێتە 21%".
بەرزنجی نووسیویشیەتی، ئەو بڕیارەی وەزارەتی دارایی پێچەوانەی بڕیارەكەی ئەنجوومەنی وەزیرانە، چونكە لەبڕیارەكە ئاماژە بەوەكراوە كە دەبێت لەلێبڕینی مووچە دادپەوەری هەبێت، بەڵام بڕینی مووچەی هەموو فەرمانبەرێك بە یەك رێژە لادانە لەبنەمای دادپەروەری .
هاوكات موعتەسەم عەلی، شارەزای بواری ئابووری بەچاودێری راگەیاند: لەماوەی شەش مانگی ساڵی 2020دا، حكومەتی هەرێم تەنیا یەك مووچەی دابەشكردووە، ئەگەر وەك لەدواین راگەیاندراوی ئەنجومەنی وەزیراندا ئاماژەی بۆ كراوە كە لەمانگی حەوتی داهاتوودا، یاسای چاكسازی دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و ئەگەریش هەر 30 رۆژ جارێك مووچە دابەشبكرێت، ئەوا شەش مانگی تر مووچە دەدرێت.
ئاماژە بەوەشدەكات، بەو هۆیەوە ئەمساڵ ئەگەر هەیە تەنیا (6 یان 7 ) مووچە بدرێت، بەوەش پێنج یان شەش مووچەی تر لەمساڵدا نادرێت و ناشزانرێت پاشەكەوت دەكرێت یان هەر بەلێبڕین دادەنرێت و هێشتا كاتی دابەشكردنی مووچەی مانگی شوباتی رابردوو بەلێبڕینشەوە دیاری نەكراوە.