چارەسەری واسواسی

تەندروستی 24/06/2020


چاودێر:
واسواسی  و رارایی  یەكێكە لەنیشانە بەربڵاوە دەرونییەكان كە كەسی توشبوو بەم حاڵەتە بەردەوام  لەبارو دۆخێكدایە كەهەست بە نادڵنیایی لە ئەنجامدانی كارەكانی دەكات ، ئەمەش وادەكات كەسەكە  توشی قەلەقییەكی زۆر دەبێت و دەبیت بەوشێوەیە  كارەكەی بكات كە مێشكی داوای دەكات، لەم حاڵەتەدا كەسی توشبوو پێویستی بەچارەسەر دەبێت.

واسواسی چییە؟
د.جەعفەر عومەر،پزیشكی پسپۆری دەروونی، دەڵێت" واسواسی و رارایی یەكێكە لە نیشانە بەربڵاوە دەرونییەكان، ئەگەر كەسەكە بەهۆی نیشانەكەوە بێزار و نارەحەت بوو یان بووە هۆی ئەوەی نەتوانێت كارەكانی بكات یان كاتێكی زۆری بەوهۆیەوە رۆیشت ئەوە پێویستە چارەسەر وەربگرێت"

جۆرەكانی واسواسی
 ئەو پزیشكە پسپۆڕە باس لەوە دەكات،  واسواسی جۆر و شكڵی زۆرە، لەوانەش:
- ترسان لە پیسی یان میكرۆب كە بەردەوام دێتە مێشكی تاكەوە كە دەستی پیسە یان پاك نەبۆیەوە، لەبەرئەوە چەندجارێك دەستی دەشواتەوە.
- نادڵنیایی لە ئەنجامدانی شتەكان، بۆنمونە دڵنیانییە كە دەرگاكەی داخستووە، چەندجاریك دەچێت سەیری درگاكە دەكات بزانیت داخراوە.
- رێكخستنی شتەكان بە وردی و جوانی، ئەگەر بەوشێوەنەبن كە مێشكی داوای دەكات ئەوە توشی قەلەقییەكی زۆر دەبێت و دەبیت بەوشێوەیان لێبكات كە مێشكی داوای دەكات.

چارەسەر
د. جەعفەر لەبارەی چارەسەری ئەم حاڵەتەوە ئاماژەی بەوەكرد، كە چارەسەری ئەم نەخۆشییە دوولایەنەیە:
١. دەرمانی دەرونی دەدرێتێ هەتا نیشانەكانی كەمببنەوە و باش ببێت، دەرمانەكانیش جۆراوجۆرن و بەگویرەی دۆخی نەخۆشەكە دەگۆرێت.
٢. چارەسەری دەرونی لەسەر شێوازی جەلسات بۆ نەخۆش كە كار لەسەر بیركردنەوە ناتەندروستەكانی دەكرێت و دەگۆرێن بۆ بیركردنەوەی واقیعی...
زۆربەی كات بەكارهێنانی هەردوو رێگەكە بەیەكەوە دەبێتە هۆی زووچاكبونەوە و باشبوونی نەخۆش...