شارباژێڕ لە مەترسیدایە
پژاك و ئێران هێز كۆدەكەنەوە

ڕاپۆرت 23/06/2020


بەپێی سەرچاوەی زانیارییەكانی چاودێر سوپای پاسداران هێزێكی زۆری بۆ سنوورەكانی مەریوان و بانە و سەردەشت ڕاگوێزاوە و بە تەمای هێرشە بۆ نێو خاكی باشووری كوردستان.
سەرچاوەیەكی ئاگادار بۆ چاودێر گوتی: چەند رۆژێكە سوپای پاسداران هێزێكی زۆری لە سنورەكانی هەرێمی كوردستان جێگیركردووە و نیازی هێرشی هەیە بۆ سەر حیزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران لەنێو خاكی هەرێمی كوردستاندا.
سەرچاوەكەی چاودێر گوتیشی: ناوچەی شارباژێڕ كە هێزەكانی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان پژاك لە ناوچەی شینكایەتی لە سەفرە و گەڵاڵە و بەرزاییەكانی ئاسۆس جێگیرن كەوتوونە جموجۆڵ.
سەرچاوەكە گوتی: هێزەكانی گەریلای پژاك لە گوندەكانی سەفرە و گەڵاڵێوە داكشاونەتە ناوچەكانی خوارتر بۆ گوندەكانی قامیش و دڕی و دۆڵبێشك و بەری ناوچەی ئالان كە هاوسنوورە لەگەڵ سەردەشت و بانە.
چەند هاووڵاتییەكی ناوچەی شارباژێڕیش بۆ چاودێر قسەیان كرد، گوتیان هەستیان بە جموجۆڵی گەریلاكانی پەژاك كردووە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هاوكات سوڕانەوەی فڕۆكەش زیاتربووە، ئەمەش كە هاوكاتی هێرش و بۆردومانەكانی توركیا و ئێرانە بۆ سەر ناوچەكانی بادینان و باڵەكایەتی و قەندیل ئەوانیش ترس و دڵەڕاوكێیان لێ نیشتووە، بەتایبەت كە مانگی ڕابردوو فڕۆكەكانی توركیا پێنج گەریلایان لە گوندی سەفرە كوشت.
هەر ئەمڕۆ یەكینەكانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی كوردستان یەرەكە باڵی سەربازی پژاك لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد سوپای پاسداران لە سنە  و هەمەدانەوە هێزی بۆ سنوورەكان ڕاگواستوە و چەند ناوچەیەكیشی بۆردومان كردووە.
لای خۆیەوە محەمەد ئەمین پێنجوێنی سیاسەتمەداری كورد و نزیك لە پەكەكە لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: عێراق و توركیا و ئێران رێككەوتنیان كردووە بۆ لاوازكردنی هەرێمی كوردستان لەڕووی ئابووری و دواتر لەشكرییەوە.
سوپای توركیا لە هەفتەی ڕابردووەوە ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی و زەوینی بە ناوی چڕنووكی پڵینگ و هەڵۆ دەستپێكردووە بۆ سەر خاكی باشووری كوردستان و سوپای پاسدارانیش سنووری حاجی ئۆمە رانی بۆردومانكردووە.
هاوكات ئەمشەو فڕۆكەكەكانی توركیا سنووری كۆبانێیان لە ڕۆژئاوای كوردستان بۆردومانكردووە و ژمارەیەك ئافرەت كوژراون.
  چەند ڕۆژی ڕابردووش لە شیلادزێ لە سنووری بادینان پێنج هاووڵاتی دیكە كوژران بەهۆی هێرشی فرۆكەكانی توركیاوە.