ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە جەمسەربەندییەكی نوێدا
ئایا سیسی دەتوانێت ئەردۆغان ڕابگرێت؟

ڕاپۆرت 22/06/2020


عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی میسر ڕۆژی شەممە لە بەسەركردنەوەی بنكەیەكی لەشكریدا گوتی: سێرت  و جفرە لە لیبیا هێڵی سوورن بۆ ئەردۆغان، لەكاتی هێرشكردنە سەر ئەو ناوچانە سوپای میسر دەستوەردان دەكات و رێگا نادات توركیا شاری سێرت بگرێت.

ئەم گوتەیەی سیسی بە پەیامێك بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا لێكدراوە كە لە رێگای حكومەتی ویفاقی نیشتمانی لیبیاوە لە ئامادەكاریدان بۆ هێرشكردنەسەر سێرت دوای گرتنەوەی تەواوی تەرابلوس و شاری تەرهونە و گۆڕینی باڵانسی هێز لە بەرژەوەندی خۆیان.

هەریەكە لە ئیمارات و سعودیە و بەحرێن و پەرلەمانی لیبیا و سوپای نیشتمانی لیبیا بە فەرماندەیی خەلیفە حەفتەر پشتیوانی خۆیان بۆ سیسی ڕاگەیاند.

لای خۆشیەوە ئیبراهیم كاڵن گوتەبێژی سەرۆكایەتی توركیا لە بەهای پەیامەكەی سیسی كەمكردەوە و گوتی: دیارە ئەوانەی هاوكارییان دەكردن لەچەند ساڵی رابردوودا لە لیبیا ئەنجامەكەی چ بوو.
لای خۆشیەوە حكومەتی ویفاقی نیشتمانی پەیامەكەی سیسی بە ڕاگەیاندنی جەنگ وەسفكرد و ڕایگەیاند هەموو خاكی لیبیا هێڵی سورە، ئەوان بەرگری دەكەن لە هەر دەستوەردانێكی سەربازی، مافی خۆشیانە كۆنترۆڵی تەواوی خاكی وڵاتەكەیان بكەن.

ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەساتەوەختی لەدایكبوونی جەمسەربەندییەكی نوێدایە بەتایبەت دوای پاشەكشەی ئێران بەهۆی گەمارۆكانی ئەمریكا و پەلهاوێشتن و فراوانخوازییەكانی توركیا لە لیبیا و عیراق و سووریا.

ئێستا توركیا بنكەی سەربازی هەیە لە لیبیا و سۆماڵ و سووریا و عیراق و قەتەر و باس لەوەشدەكرێت هەوڵی دەستوەردان لە یەمەنیش دەدات.

دەربارەی ناوچەكەش بەرپرسانی توركیا نیازی خۆیان بۆ فراوانخوازیی و گەڕانەوە بۆ سنوورەكانی پێشتری دەوڵەتی عوسمانی نەشاردۆتەوە.
شرۆڤەكارێكی ئیسرائیلی دەڵێت: رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەرەوڕووی مەترسییەكی دیكەی دەسەڵاتی ئیسلامی دەبێتەوە لە ناوچەكەدا بە ڕێبەرایەتی توركیا.
عەمرو موسا ئەمینداری پێشووی جامیعەی عەرەبیش لەلێدوانێكی هەفتەی رابردوویدا گوتبووی جیهانی عەرەبی مەترسی توركیای لەسەرە كە لە مەترسی ئێران زیاترە.

ئەو پێشهاتانە هاوكاتە لەگەڵ ئۆپەراسیۆنە ئاسمانی و زەوییەكانی سوپای توركیا لە هەرێمی كوردستان و هەڕەشەكانی مەولود چاوش ئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی توركیا لە سلێمانی كە گوتبووی سلێمانی لە ژێر كاریگەری پەكەكەدایە.

لای خۆیەوە یەحیا سەفەری راوێژكای عەلی خامنەیی رێبەری ئێران بە كەناڵی جەزیرەی گوت: تاران پشتیوانی حكومەتی ویفاقی نیشتمانی دەكات و لەگەڵ چارەسەركردنی كێشەكانە بە ئاشتی.

جەمسەربەندییە نوێیەكە خەریكە لە لیبیاوە لە دایك ببێت و شاری سێرت ببێتە سەرچاوەی تەقینەوە و هەڵگیرسانی جەنگێكی هەرێمی گەورە كە ڕەنگە چەند وڵاتێك بگرێتەوە و توركیا و میسر فەرماندەیی شەڕەكە بكەن كە ناكۆكی ئەو دوو وڵاتە دەگەڕێتەوە بۆ ساتی روخانی محەمەد مورسی سەرۆكی ئیخوانی میسر بە كۆدێتایەك كەلەلایەن سیسییەوە سازكراوە و ئەنقەرە دژی كۆدێتاكە وەستایەوە.
بەرەی یەكەم پێكهاتووە لە توركیا و قەتەر و ئێران و ئیتالیا و پشتیوانی حكومەتی تەرابلوس دەكەن.
بەرەی دووهەمیش پێكهاتووە لە میسر و سعودیە و ئیمارات و بەحرێن و فەرەنسا.
هەرچی ئەمریكایە تا ئێستا هەڵوێستی رونی نییە و دوێنێ ئێوارە فەرماندەی هێزی ئەمریكا لە باكوری ئەفریقا لەگەڵ فائیز سەراج سەرۆكی حكومەتی تەرابلوسدا كۆبوەتەوە.
روسیاش هەر لە بەرەی دژ بە توركیا هەژماردەكرێت بەڵام بەدوور نازاندرێت بەرژەوەندییەكانیان یەكبگرێت و كاری پێكەوەیی بكەن هاوشێوەی سووریا، چونكە توركیا و روسیا پەیوەندییەكانیان چەند ساڵێكە لە ئاستێكی باشدایە.
لەرووی سەربازییەوە توركیا ئەندامی ناتۆیەو خاوەنی سوپایەكی بەهێز و پڕچەك و چۆڵی بەهێز و سەردەمیانە و پێشكەوتووە و بۆ بەرژەوەندییەكانی بێ دوودڵی دەستوەردان دەكات لە هەر شوێنێكدا بێت.
سوپای میسریش دەهەمینی جیهانە و خاوەنی هەزاران فڕۆكە و تانك و كەشتی و كەرەستەی لەشكرییە.
شارەزایانی سەربازی بە پشت بەستن بە ئەزموونەكانی ڕابردوو لە شەڕی عەرەبەكان بەتایبەت شەڕی چەند ساڵەی یەمەن گومانیان لە توانای میسر هەیە بۆ ڕاگرتنی سوپای توركیا لە لیبیا، بەڵام هۆكاری دیكەش هەن بۆ زاڵبوونی سوپای میسر بەسەر توركیا ئەویش بەهۆی دراوسێیەتی و نزیكایەتی  و هۆكاری جوگرافی كە میسر و لیبیا لێكنزیكن و گەیاندنی هێزی پشتیوانی و گواستنەوەی چەك و چۆڵ ئاسانە بۆ لیبیا بە پێچەوانەی توركیا كە تەنها دەبێت لە رێگای ئاسمانی و ئاوییەوە هێز بگوازێتەوە.