راهێنەرێکی دەرونی لە سوید: کۆرۆنا بەو جۆرە نیە کە لە کوردستان باسی دەکەن

تەندروستی 14/06/2020

عەبدوڵا تۆفیق راهێنەری دەرونی لە سوید، وەک خۆی دەڵێت لە ریزی پێشەوەی توشبوانی کۆرۆنا کاری کردوە،  چەند راستیەک لەسەر نیشانەکانی کۆرۆنا ئاشکرادەکات و پێیوایە: نەخۆشیەکە بەو جۆرە نیە کە پزیشکانی کوردستان باسی دەکەن.

 

دەقی نوسینەکەی عەبدوڵا تۆفیق:

خۆت تاقی مەکەرەوە بە کۆرۆنا بۆ دەرخستنی هەندێ ڕاستی

ئەم بابەتە بەپێی ئەزمونی خۆم کە بۆ ماوەی چوار ماگ زیاترە، ڕاستەوخۆ لە ڕیزەکانی پێشەوەدا لەگەڵ توشبوانی کۆرۆنادا کاردەکەم و کە برژێکیشمان لە نەخۆشیەکە بەرکەوت، هەندێ ڕاستی بە هاوڵاتیانی کوردستان بگەیەنم لەسەر نەخۆشیەکە.
زۆر سەرم دەسوڕمێ کە زۆربەی ئەو وتەبێژ و پسپۆڕانەی کە لەسەر کۆرۆنا، لە تیڤیەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی کوردستاندا، باس لە نەخۆشیەکەو نیشانەکانی دەکەن هەندێ ڕاستی دەشارنەوە. ئەو پسپۆرانەی کوردستان هەمیشە دەڵێن پلەی گەرمی توشبوەکە زۆر بەرز دەبێتەوە هەر وەك ئەوەی مێشکی بکوڵێ، کۆکە و پژمەت دەبێ، هەناسەی سوار و تونگ دەبێ و پێویستی بە ئۆکسجین هەیە و ئازارێکی زۆر لە سەر و جەستەیدا دەبێ و چەند هەفتەیەك دەخایەنێ. 
من تێناگەم ئەمە بۆ ترساندن و تۆقاندنی خەڵکە و مەرامێکی تایبەتیان لە پشتەوەیە یان هەر بە جدی بەتەواوی قەناعەتیانەوە نەخۆشیەکە بەو جۆرەیە!؟
ئازیزان، من هەرگیز لەسەر پارێزگاریکردنتان بەرامبەر بە نەخۆشیەکە ساردتان ناکەمەوە، پارێز بەو جۆرەی ڕێنمای تەندروستی جیهانی باسی دەکات ڕێگایەکی تەواو دروستە. دەمەوێ ئەوە بڵێم کە بەپێی ئەو ئەزموونەم نەخۆشیەکە بەو جۆرە نیە کە پزیشکانی کوردستان باسی دەکەن. ڕاستیەکەی ئەوەیە کە هەر مرۆڤەو بە جۆرێك دەیگرێ. 
نەخۆشمان هەبووە ئەسڵەن پلەی گەرمی لە ٣٦،٥ بەرزتر نەبوەتەوە، کۆکەی نەبووە بەڵام کەمێ هەناسە تونگی هەبووە، کە پشکنینمان بۆ کردوە پۆزەتیف بووە.
هاوڕێم کە کارمەند بووە لامان، کۆرۆنای گرتووە بەڵام تەنها دوو ڕۆژ سەری ئێشاوەو بەس. هەبووە تەنها کۆکەی هەبووە، هەبووە هەر پلەی گەرمی بەرزبووە ٣٧،٨ تێنەپەڕیووە و ئازاری هەبووە بەبێ هەناسە تونگی و کۆکە، هەمان بووە کە پلەی گەرمی لە ٤١ کەمێ تێپەڕیوەو ئازاری هەبووە بەڵام هیچ کۆکە و پژمەو هەناسە تونگی نەبووە. هەیشە بێ شانس و لەوانەیە لە تۆقیوەکان بێت یان کۆمەڵێ نەخۆشی تری هەنووبێ و پێویستی بە ئۆکسجین و بگرە کونکردنە قورگ و سۆندە بۆ ناو سیەکانی پێویست بووە، هەیشیانە پیر و پەککەوتەبووەو بەرگەی نەگرتووە و زوو دەمرێ.
ئەم چەند نمونەیەی من بۆ ئەوە نیە بڵێم نەخۆشیەکە فشەیە و بە ئاسان وەریبگرن، بەڵام دەبێ ئەو ڕاستانە بوترێ کە زۆرترین کەس باش بووەتەوەو بگرە لەکاتی نەخۆشیەکەشیدا هەر خۆشی بەخۆی نەزانیوە، بەڵام بەداخەوە هەڵگری ڤایرۆسەکە دەبێ و لەوانەیە کەسی لاواز توش بکات.
بەرێزان هەرگیز خۆتان تاقی مەکەنەوە بۆ ئەوەی نەخۆشیەکە بگرن، لەبەر ئەوەی تۆ نازانی لەکام جۆری ئەو مرۆڤانەی، کە ئایا ئاسان دەیگری یان بە ناڕەحەتتر لەوانیتر.
لە خوا داواکارم کە هەمووان پارێزراوبن و بە زووی ڤاکسینێك بدۆزرێتەوە بۆ چارەسەر و بەرگریمان.

عەبدوڵا تۆفیق/ ڕاهێنەری دەروونی
سوید