هۆكاری خوێنبەربوونی سەر سپێنەی چاو بزانە

تەندروستی 14/06/2020


‎چاودێر: تابان رەزا

خوێنبەربونی سەر سپێنەی چاو ئەو حاڵەتەیە كە كەسكە بەڕێكەوت  لەكاتی سەیركرنی لەبەرئاوێنە هەستی پێدەكات، كەئەویش  بەهۆی بەركەوتنی زەبری دەرەكی یان هەندێك جار لەگەڵ خوراندنی چاو ئەمە ڕوودات،  پزیشكێكی پسپۆڕیش دەڵێت" ئەگەر حاڵەتەكە چەند جار دووبارە بۆیەوە ، باشترە پزیشك بیبنێت  بۆ دڵنیابوون لە نەبوونی نەخۆشی تری وەك شەكرە و بەرزە پەستانی خوێن و نەخۆشی خوێن"

ئایا خوێنبەربونی سەر سپێنەی چاو مەترسیدارە؟
 د.ئەبوبەكر زاهیر كاوانی،پسپۆری نەخۆشی و نەشتەرگەری چاو، دەڵێت"  خوێنبەربونی  سەر سپێنەی چاو بریتییە لە هەبوونی پەلەیەك یان زیاتری خوێن كە لەسەر سپێنەی  چاو دیار دەبێت. لە بەشی پێشەوەی سەر سپێنەی چاو ژمارەیەكی زۆر موولولەی خوێن هەن، لەوانەیە بە هۆكارێك بتەقن و لەشێوەی خوێنێكی گەش لەسەر سپێنەی چاو دیار بێت، ئەم پەلە خوێنە لەوانەیە ترسناك دیار بێت، بەڵام لە ڕاستیدا هیچ كاریگەری خراپی نییە و لەخۆیەوە بزر دەبێت"

نیشانەكانی
‎ ئەو پزیشكە باس لەوە دەكات، زۆربەی كات تاكە نیشانە كە هەبێت دروسبوونی پەلەیەكی سوورە لە چاو دا كە كەسەكە بە رێكەوت لە ئاوێنە دەیبینێت یان كەسێك پێی دەڵێت. جارجارە كەمێك هەستكردن بەجۆرێك لە زبریی چاوی لەگەڵدایە.

هۆكارەكانی
د.ئەبوبەكر زاهیر كاوانی، ئاماژە بەهۆكاری دروستبونی ئەو پەڵەیە دەكات كەلەسەر سپێنەی چاوەكە دروست دەبێت، ئەویش وەك: 
‎١. كۆكە، پژمین، خۆگوشین و هەڵگرتنی قورسایی بەهۆی بەرزبوونەوەی لەناكاوی پەستانی ناو لوولەخوێنەكان خوێنبەربوون دروستدەبێت.
‎٢. بەركەوتنی زەبری دەرەكی تەنانەت هەندێك جار لەگەڵ خوراندنی چاو ئەمە ڕوودەدات.
‎٣. هەبوونی نەخۆشی دیكەی وەك نەخۆشی شەكرە و بەرزە پەستانی خوێن خواردنی هەندێك دەرمانی شلكەرەوەی خوێن، هەندێك جار هۆكارن.
‎٤. بە دەگمەن هۆكارەكەی بوونی نەخۆشییە لە خوێن كە كاریگەری لە سەر هەموو جەستە دەبێت.

چارەسەر
‎ ئەو پزیشكە لەبارەی چارەسەری ئەم حاڵەتەوە دەڵێت" پێویستی بە چارەسەر نییە، بە گوێرەی گەورەو بچوكی پەلە خوێنەكە وسروشتی كەسەكە، چەند ڕۆژێك تا چەند هەفتەیەك دەخایێنێت و ووردە ووردە بزر دەبێت، لە حاڵەتی هەستكردن بە زبری چاو تەنها بەكارهێنانی فرمێسكی دەستكرد بەسە"
‎ ووتیشی، لەكاتی چەند جار دووبارە بوونەوەی، باشترە پزیشك بتبینێت بۆ دڵنیابوون لە نەبوونی نەخۆشی تری وەك شەكرە و بەرزە پەستانی خوێن و نەخۆشی خوێن.