زیان و لێکەوتەکانی کۆرۆنا

تەندروستی 11/06/2020

نوسینی: عەتا تەها، دبلۆم لەکارگێڕی کار

وەک ئاشکرایە ڤایرۆسی کۆرۆنا پەتایەکی جیهانی کوشندەیە، وەدەرکەوتنی ئەم پەتایەو سەرهەڵدانی زیاتر دەگەڕێتەوە بۆسەرەتایی ساڵی نوێ وە لەوکاتەوە بەشێوەیەکی گشتی ناوی ئەم ڤایرۆسی کۆرۆنایە بەجیهان و کۆمەڵگەو خێزان و تاک ئاشنابوو، بەڵام لەووڵاتێکەوە بۆ ووڵاتێکی تر و لەکۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی تر ژمارەی توشبوان بەوڤایرۆسە کوشندەیە جیاوازە  هەروەها ژمارەی گیانلەدەستدان و چاکبونەوەش جیاوازە ئەڵبەتە کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتی و عەرەبیەکان وە عێراق و هەرێمی کوردستانیش بەدەرنیە لەبڵاوبوونەوەی ئەوڤایرۆسەو لەئێستادا لەقۆناغێکی هەستیارومەترسیدارتردایە ، ڕاستە دۆخی ئابوریی و گوزەرانی خەڵک لەئاستێکی خراپدایە بەڵام ئەوەی پێویستە لەسەر تاک و خێزان خۆپارێزی و جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکانە ئەوەش کەلەسەرحکومەتە پێویستە لەگەڵ ڕەچاوکردنی  هوشیاری و  ڕۆشنبیری تەندروستی ئەرکی  دابینکردنی ژەمەخۆراکی ڕۆژانەی هاوڵاتیانی کەمدەرامەت و کرێکار و هەژاران بگرێتە ئەستۆ. گرنگە حکومەت زیاتر ئاوڕ لەو دۆخەبداتەوەو قسەکانی تەنها لەنێوان دروشم و خۆپارێزی نەبێت ڕێکاری ئابوری وباشترکردنی کەرتی تەندروستی بگرێتەبەر بەڕەچاوکردنی بارو ژیانی  گوزەرانی خەڵک، بۆئەوەی دۆخەکە لەدەست دەرنەچێت ئەوەش گرنگ و پێویستە حکومەت و هاووڵاتی پێکەوە تەواوکەری یەک بن تاکو ئەم دۆخە تێدەپەڕێت 
 
تێڕوانینە جیاوازەکان لەسەردروستبوونی ڤایرۆسی corona covid 19 ئەوەی تاکوئێستا تێڕوانینەکان جیاوازن لەسەرئەم جۆرە ڤایرۆسە نازانرێت کارەساتێکی سروشتیە یاخود ڤایرۆسێکی بەرهەم هێنراوی دەوڵەتانی جیهانە بۆ ئەومەبەستەش دووخوێندنەوەو بۆچوونی جیاواز لەسەری هەیە بۆچوونێک پێی وایە لەسەرەتاوە دروستکراوبوو بەمەبەستی کاری سیاسی دەوڵەتان لەدژی یەکتربەکاری دەهێنن، بەڵام بەشێوە گشتییەکەی ئەوبۆچونە بەهێزترە کەڤایرۆسێکی سروشتی و دوورلە دەستێوەردانی مرۆڤایەتیە چوونکە بەبەڵگەی ئەوەی ڤایرۆس و پەتاییەکی جیهانیە نەک ناوچەی و هەرێمی و چەند دەوڵەتێکی تایبەت و دیاریکراو، ئەوەی زیاتر پێویست و گرنگە باسی لێوە بکرێت زیان و لێکەوتەکانی کۆرۆنایە لەسێکتەرەجیاوازەکانی وەک ئابوریی و مرۆیی و کارگێڕی ...هتد

 سەرەتاش  لێکەوتەکانی کۆرۆنا لەڕوی ئابورییەوە دەخەینە روو
 بێگومان ئەم ڤایرۆسە گورزێکی کوشندەی لەکەرتی ئابوریی جیهان وەشاندو پاشەکشەی زۆری بەئابوریی و کەرتی تایبەت و گشتیش کردووە
بەهۆکاری ئەوەی سەرجەم کارگەوکۆمپانیا زەبەلاحەکانی جیهان لەکارکەتوون، ئەوەش کاریگەری هەیە لەسەر بەرهەمێهنان و دەستی کار و دەرهێنان و گۆڕینی ماددە و تەنەکان لەهەردوو جۆری فیزیایی و کیمایی، بەوەستان و لەکارکەوتنی کارگەو کۆمپانیاو  کەرت وسێکتەرەکانی تر سەرەنجام هۆکارێکیشە بۆ وەستانی بەرهەمهێنان و ساغ کردنەوەی بەرهەمووکاڵاکان و خستنە بازاڕ و بەرهەم هێنان لەهەندێک لەوکەرتانە نزیک بووەتەوە لەسفر ، هەروەها هۆکاری لاوازی و وەستانی جمجوڵی بازرگانی و گەشت و فرۆخانەو بازاڕو وەستانی هەلی کاریشی بەدوای خۆیداهێنا، هەمووئەوانەش هۆکارن بۆ لەکارخستنی ئەندازیاری پیشەییە جیاوازەکان و کارمەندی پیشەیی تادەگاتە کرێکارێکی سادە بێگومان، لەکۆتایدا قەیرانی دارایی و ئابوریی زیاتری لێدەکەوێتەوەو لێکەوتەکانی لەچەندمانگی ئایندەدا زیاترو ڕونتر بەدیاردەکەون  

لێکەوتەکانی کۆرۆنا لەڕوی مرۆییەوە
بێگومان سەرماییە مرۆییەکان هۆکاری سەرەکی گەشەی مرۆڤایەتی و  دەستخستنی سەرمایەی ئابوریشە هەرکات مەترسی لەسەر ژیانی مرۆڤایەتی هەبوو ڕاستەوخۆ کاریگەری نەرێنی دەکاتە سەربوژانەوەو گەشەکردن و بەرهەم هێنان، ئاشکرایە ئەم ڤایرۆسی کۆرۆنایە جوڵەو هێزی مرۆیی لاوازکردووە، وە جگەلەوەش سەدان هەزار مرۆڤ لەتەواوی جیهاندا بەوهۆیەوەگیانی لەدەستداوە. هەروەها بەمیلێونان مرۆڤ بەرکەوتەوتوشبووی ئەم جۆرە ڤایرۆسەبوون وەنیوەی ژمارەی دانیشتوانی جیهانی لەماڵەکاندا کەرەنتینەکرد هەموو ئەوانە هۆکاری لەکارخستن و بێهێزی دەستی کاربوون لەروی مرۆییەوە.

زیانەکانی کۆرۆنا لەڕوی کارگێڕییەوە
بەهەمان شێوەی کەرتەکانی تر کۆرۆنا زیانی گەورەی بە کارگێڕی گەیاندووە بێگومان مرۆڤ بونەوەرێکی کۆمەڵاییەتیەو سەرجەم ڕێکخستنی ژیان و کاروبارو ئەرک و مافەکانی لەچوارچێوەی یاساو ڕێسا ی دەوڵەتێکدا ڕێکخراوە  تەواوی ژیانی لەڕوی کارگێڕی و یاسای و ئابوری و ئەرک و مافی کارکردن و پرۆسەی هاوسەرگیری و شوێنی نیشتەجێبوون و گەشت و سەفەرو هەرسێکتەرێکی تر لەچوارچێوەی کارگێڕی و یاساییەکاندا، خۆی دەبینێتەوە بۆ هەرکارێک پێویستی بەو یەکە کارگێڕییانە هەیە بۆیە لەدۆخێکی ئاواداو بە داخستنی دامودەزگا یەکەکارگێڕیی و یاساییەکان بەهۆی کۆرۆناوە ئەوا کاریگەری نەرێنی دەبێت و دەبێتە هۆی دواخستنی کاروباری رۆژانەی هاوڵاتیان لە دامودەزگا یەکە کارگێڕییەکاندا .