نامەیەکی کراوە: بۆ وەزارەتی کار و وەزارەتی ڕۆشنبیری و وەزارەتی پەروەردە

ڕەخنەی چاودێر 05/06/2020

نامەیەکی کراوە: بۆ وەزارەتی کار و وەزارەتی ڕۆشنبیری و وەزارەتی پەروەردە



ئەم ساڵانە کە سۆشیال میدیا لەناو ژیانی کۆمەڵایەتی هەموواندا جێیەکی دیارو فراوانی گرتووە، بەپێچەوانەی چاوەڕوانییەکانەوە ڕۆڵێکی خراپ و ناڕێکی لە دروستکردنی کارەکتەری تاکی کورد دا تا ڕادەیەک لە گشت بوارەکاندا بینیوە. بەتایبەت بواری هونەرو ڕاگەیاندن!

وەک توێژەران دەڵێن: دۆنکیشۆت گەلێکی زۆری دروستکردووەو زۆریش بوون بە قوربانی ئەو وەهمەی لایک و کۆمێنت و ڤییو دروستی کردووە! ئەم نامەیەی موزیسیان توانا حەمە هەڵوێستێکی خەمخۆرانەو هونەرمەندانەیە دژ بەو وەهموو بەقوربانی کردنەی سۆشیال میدیا بۆ بەکارهێنەرانی دروستی کردووە. 

ئەم نامەیە، کە کراوەو پڕ ڕونکردنەوەو وریاییەکی خەمخۆرانەیە. لەلایەن مامۆستاو موزیکسیان و نووسەر بەڕێز توانا حەمە وە ئاڕاستەی چەند وەزارەتێکی لێپرسراو کراوەو تیایدا بانگێشتی نووسەران و ڕۆسنبیران و هونەرمەندان دەکات بەناو نووسین و پشتگیری کردن لە داواکە و ڕێگرتن لەو بەناو کارە هونەرییانەی کە تیایدا کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت بوون بە ئامانج و قوربانییەکی دیاری کەسانی نا بەرپرسیار. 

سایتی چاودێر و گەلاوێژ وەک دووسایتی نزیک لەیەکەوە لە سۆنگەی خەمخۆری کۆمەڵایەتی و هونەرییانەوە بۆ مرۆڤ و کلتوورو مێژووی کورد پشتگیری لەم کەمپین و داواکارییە دەکات و بانگێشتی ڕۆشنبیران و وەزارەتە لێپرسراوەکان دەکات بۆ ڕێگرتن لەم کارە. 

دەقی نامەکە
#بە_(#مەزەکردنی_خاوەن_پێداویستی_تایبەت لە کۆڕی بەندبێژی و (#گەعدە)دا. ڕابگرن

بە نوسینی ناوت لە کۆمێنتدا و بلاوکردنەوەی وەک ئەرکێکی مرۆڤانە بەشداربە لەم پەیامەدا.


ماوەیەکی زۆرە، ھەندێک خاوەن پێداویستی تایبەت، لە نێو سۆشیاڵ میدیا لە ڕێگایی گۆرانی گوتن و بەندبێژیەوە لە نێو (خۆشخوانی - *گەعدە)کاندا دەرکەوتون و زۆر جار وەک جۆرێک لە (ڕابواردن) بە مامۆستای ھونەر ناویان دەبەن. ئەمانە لە لایەن کەسانێک تەنھا بە ئامانجی (کات بەسەربردن، جۆرێک لە رابواردن یان بە دەستھێنانی لایک و ڤییو)ی نێو سۆشیاڵ میدیا بەکاردەھێنرێن و وەک خۆیان دەڵێن: کراون بە (*مەزە).!

 ئەوەی جێی ھەڵوەستەیە، ئەم خەڵکانەی، ئەم کەسە خاوەن پێداویستیانە بەکاردێنێن، ھەموو پێداویستیەکی (خۆشخوانی_*گەعدە)ھاوشێوەی بەند بێژە دیارەکان دادەنێن و ھەمان ڕەوش (جەو)ی موزیک و خۆشخوانی بۆ خاوەن پێداویستیەکە دروست دەکەن، کە ئەو کەسە دەخاتە نێو (*یۆتۆپیا)یەکەوە، کە بەڕاستی وا ھەست دەکات ئەو ھونەرمەندە و مامۆستای ھونەرە.!  بەڵام لە ناکاو دەبینی (تاکە پێڵاوێکی تێدەگرن، یان سوکایەتی پێ دەکەن)، ئیدی ئەو وەھمەی، کە بۆیان دروست کردووە خاڵی دەکەنەوە، بەڵام دیسانەوە کەسەکە وەک جۆرێک لە ئالودەبونی بەم دۆخەو گرفتە دەرونییەکانی حاڵەتەکە ئاسایی وەردەگرێت و نایەوێت لەم خەیاڵە بێدار بێتەوە.

بەداخەوە زۆر جار میدیا، رادیۆ و تیڤییە ھونەری و کەیفخۆشییەکانی کوردستان، کە کاتێک بەرنامەکانییان بینەری کەم دەکات، لە ناو بەرنامە دیارەکانیاندا ئەم کەسانە بانگێشت دەکەن و خودی بێژەرەکە ڕۆڵی ھەمان کەس دەگێڕێت، کە (تاکە پێڵاوەکەی تێ دەگرێ بەڵام لە فۆڕێکی تردا)، ئەو تیڤیانە ئەم کەسانە بەکاریان دەھێنن بۆ پڕ بینەر بونی تیڤیەکانیان و بەرنامەکانیان، کە بە بڕوای من ئەمە پێچەوانەی بەھاکانی مرۆڤ، مۆڕاڵی میدیایی، بەندەکانی مافی مرۆڤ و لەھەمان کاتدا پێچەوانەی مافەکانی خاوەن پێداویستی تایبەتن، زۆرجار ھەندێکیشیان دەشێت تەمەنی پێگەیشتوی لە ڕووی واتای تەمەنەوە تێپەڕ نەکردبێ، ئەمەش پێچەوانەی مافی منداڵە. بە بڕوای من ئەم دیاردەیە جگە لە جۆرێک لە بازرگانی کردن بە مرۆڤەوە لە لە سەردەمی تەکنەلۆجیادا ھیچ مانایەکی دیکەی نیە.

لێرەدا بەکورتی دەرھاویشتەو مەترسیەکانی ئەم دیاردەیە دەخەمەڕوو.

یەکەم: سوکایەتی و تەشھیر کردن بە کەسی خاوەن پێداویستی تایبەت و لێرەدا ئەو یەکەم قوربانیە لەم پرۆسەیەدا.

دووەم: بازرگانی کردن بەم جۆرە کەسانەوە مایەی ھەڵوەستەی ھەموو مرۆڤێک و ھونەرمەندێکە.

سێیەم: گرفتی کۆمەڵایەتی و کلتوری بۆ خێزانی قوربانییەکان دروستکردووە، ئەوان بەو دەردەوە دەناڵێنن.

چوارەم: سوکایەتی کردن بە پیرۆزی ناوی مامۆستا، کە ئیدی وا لە ھونەرمەند دێت، بێز لەو نازناوە بکاتەوە.

پێنجەم: کلتوری ھونەری موزیکی بۆ جۆرێک لە گاڵتەجاری پەلکێش دەکات، کە بۆتە مۆدێل و ھونەری راستەقینە لە لێواری مردن نزیک دەکاتەوە.

شەشەم: گەشەپێدەری کلتوری جوێندان و سوکایەتی لە نێو سۆشیاڵ میدیادا، بەرکەوتەی ئەم دیاردەیە منداڵان و گەنجانە، کە دواجار بەم جۆرە گرتە ڤیدیۆیانە ئایندەیەکی مەترسیدار لە پێش کلتوری کۆمەڵایەتی باشووری کوردستانە. بۆیە وەک کوردێک، هونەرمەند، نوسەر، باوکێک و دایکێک، تکادەکەم ڕێگە چارەیەک بۆ ئەم دیاردەیە دابنێن، بەندە پرۆگرامێکی چارەسەری ھەیە، جگە لە من ھەمووان بە پرۆگرام و ڕێگە چارە ھاوکار و پاڵپشت دەبین. لەگەڵ ئەو پەڕی ڕێزمدا...

تێبینی: * قوربانییەکیان دیارن بۆیە ناو ناھێنم تا نەبمە بەشێک لەم دیاردەی بەقوربانی کردنەی خاوەن پێداویستی تایبەت.

تکایە ئەگەر ھاوڕایی ناوی خۆت لەژێر ئەم پۆستەدا بنوسە... *بۆ ئەم پەیامە بە سوپاسەوە، بەڕێز بابەکر درەیی بەرێوەبەری گشتی رۆشنبیری وەک لایەنێکی پەیوەندی دار، رادەسپێرم ئەم پەیامە بگەیەنێتە هەر دوو وەزیری ناوبراو.

* وەک لێکۆڵەرێکی موزیکی و کلتوری ڕێگە چارەی تایبەتم ھەیە، وەک ڕێزێک بۆ بەشی پلاندانانی ئەم وەزارەتانە نەم خستۆتەڕوو، ئەگەر پێویست بوو ئامادەم پێشکەشی بکەم.

توانا حەمە مامۆستا و نوسەر و موزیکناس ٤/٦/٢٠٢٠