بەم مەرجانە مەرزی باشماخ كرایەوە

ئابوری 04/06/2020

چاودێر
دوای داخستنی  بۆ ماوەی 72 سەعات، ئەمڕۆ جارێكی تر مەرزى باشماخ كرایەوەو رێكاری توندی تەندروستی دەگیرێتە بەر.
موختار حاجی عەلی  بەرپرسی پێوەندییەكان و ڕاگەیاندنی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، بەچاودێری راگەیاند: ئەمڕۆ مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ دەستی بە جموجووڵی بازرگانی كردەوە، دوای ئەوەی بۆ ماوەی 72 سەعات بە فەرمانی وەزارەتی ناوخۆ مەرزەكە كەرەنتین كرا و كارەكانی وەستێنرا، بەهۆی ئەوەی چەند كەسێك لە پێنجوێن گومانی ئەوەیان لێ كرا كە هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا بن.
وتیشی "لەمەرزەكەدا، زیاتر لە 710 كارمەندامان هەیە، ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو، تیمێكی تەندروستی لەشاری سلێمانییەوە هاتنە مەرزەكە و 140 نموونەیان لە كارمەندەكان وەرگرت و پشكنینی گشتی بۆ كارمەندەكان كرا".
روونیكردەوە، "ئێستا لەمەرزەكە كارمەندەكان زۆر كەم كراونەتەوە و نێوانیان زۆرە و كەس لەنزیكی یەكترەوە كارەكان رایی ناكەن، پشكنینی تەندروستی و ڕێنوێنییە خۆپارێزییەكان توندتر كراون لە مەرزەكە، تەنانەت "تەعقیم"ی كاتیش بۆ ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكان دانراون".
ئاشكراشیكرد "بێگومان تیمی پزیشكی جارێكی تر لەمەرزەكە دانراوەتەوە، بە شێوەیەكی ڕێك كارەكان بەڕێوە دەچن، ئیتر كارمەند و شۆفێرەكان و بازرگانان دەبێت ڕێنوێنییەكانی تەندروستی جێبەجێ بكەن" .