پێشبینیەکی دیکەی مەلا بەختیار: پاشەکشێی راسيزم و بوژانەوەی چەپەکان

جیهان 02/06/2020



چاودێر:
مەلا بەختیار یەکێکە لەو سیاسیانەی بەردەوام پێش روداوەکان یان لە کاتی هەر روداوێک و پێشهاتێک، پێشبینی و خوێندنەوەی وردی بۆیان هەیە. ئەو زۆرجار پێشبینەیەکانی نزیک بون لە ئەنجامی روداو و دیاردە و ئەگەرەکان. بە درێژایی ژیانی سیاسی سەدان جار داهاتوی روداو و سەرهەڵدانی دیاردە نوێکانی وەک خۆی پێشبینی کردوە. لەم چەند ساڵەی دوایش شاهێدی چەندین ثێشبینی سیاسی ئەم روناکبیرە سیاسیەیەن.
ئەوەی لەم وتارەدا باسی دەکەین، پێشبینیەکی دیکەی مەلا بەختیارە، کە لە مانگی سێی ئەم ساڵدا لە چەند بۆنەیەک و وتارێکدا باس لە کاریگەریەکانی دوای کۆرۆنا دەکات و پێشبینی بەهێزبونی رێبازی چەپ و بزوتنەوە چەپگەراکان دەکات و پێیوایە راسیزم و پۆپۆلیزم بەرەو پاشەکشێ هەنگاو دەنێن. ئەوەتا ئێستا لە ولاتانی جیهان بە تایبەت لە ئەمریکا و هەندێ وڵاتی دیکە، تەواو ئەم پێشبینیە دەبێتە راستی و بزوتنەوە جەماوەریە چەپەکان و چەپە دیموکراتەکان لە برەودان و هێزە راسیزم و پۆپۆلیستەکان بەرەو پاشەکشێ دەچن
مەلا بەختیار، لە ٢٧/٣/٢٠٢٠ لە وتارێکدا بە ناوی کاریگەریەکانی (پۆست کۆرۆنا)، کتومت ئەم پەرەگرافەی خوارەوە دەنوسێت:
"ئێمە بەدووری دەزانین، بەم كارەساتە مرۆییەش، لیبرالیزم بشكێ‌. یان جیهانگیری، كۆتایی بێت. بەڵام دڵنیاین رێبازی چەپی دیموكراسی‌و دادپەروەری، بەپێی ئەم زەمان‌و زەمینەیە (نەك چەمكە كلاسیكیەكانی چەپگەرایی) دەبوژێتەوە. راسیزم پاشەكشە دەكات. تاڕادەیەك ناسیۆنالیزمی دیموكراسی بەهێز دەبێ‌.. تەنانەت لە رۆژئاواشدا. بەڵكو، یەكێتی ئۆروپاش، ستراتیژێكی نوێ‌چەشن پەیڕەو دەكەن. هەروەها، كەڵەگایی جیهانی لەدونیادا نامێنێ‌‌و فرەجەمسەری جیهان بەندی زیاتر دەبێ‌.
ئەگەری سیاسەتی باشتر چارەسەركردنی كێشەی حكومەتە دیكتاتۆرەكانی ئاسیا-رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەم پۆست كۆرۆنایەدا لەئارادا هەیە. بە چارەسەركردنی باشتری كێشەی دیموكراسی نەتەوە ژێردەستەكانی وەكو: كورد، بلوج، ئەمازیغی، تامیلی.. تاد.
گەلۆ! كۆرۆنا، پێوەرو پەیوەندیەكان دەگۆڕێ‌.. با چاوەڕوان بین!"

 ئەم وتانەی مەلا بەختیار، لەگەڵ واقیعی ئێستای دونیادا یەکدەگرێتەوە، ئەوەتا تەنیا روداوێک بەسە بۆ ئەوەی خەڵکی پەنگخواردوی ئەمریکا و هێزی دژە راسیزم و دژە کەڵەگایی، خۆیان دەربخەن و تەنیا بەهۆی کوشتنی کەسێکی رەشپێستەوە، سپی و رەشی ئەمریکیەکان هەستان و رقی پیرۆزی خۆیان پیشانی کەڵەگاکانی کۆشکی سپی دا. بێگومان ئەم تەقینەوە جەماوەریە تەنیا هۆکارەکەی کوشتنی رەشپێستێک نیە، بەڵکو دۆخێکی بابەتی و زەمینەساز لەئارادایە، بە تایبەت دوای شکستی زۆرێک لە دەوڵەتە زەبەلاحە سەرمایەدارەکان لەسەردەمی کۆرۆنادا.
ئێستا ئەم هێزە جەماوەریە، وەکو بزوتنەوەیەکی جەماوەری چەپگەرا هاتۆتە مەیدان و دەسەڵاتدارانی ئەمریکاش لەسەروو هەمویانەوە دۆناڵد ترامپ، دان بەوەدا دەنێت کە ئەمەی رودەدات چەپەکان هەڵسوڕێنەرین. هەرچەندە ترامپ وەکو تیرۆریست و ئاژاوەگێڕ سەیری بزوتنەوە جەماوەریەکە دەکات، بەڵام هیچ لەو راستیە کەم ناکاتەوە کە هێزە چەپەکان و چەپە دیموکراتەکان بەرەو بوژانەوە هەنگاو دەنێن، نەک تەنیا لە ئەمریکا بەڵکو لە وڵاتانی ئەوروپا و نیوزلاند و زۆر ولاتی دیکە بانگی پشتگیری لەو بزوتنەوە دژە راسیزمە دەدرێت کە لە ئەمریکاوە خۆی پیشانی جیهان دا.