چین سەرکەوتنی لە درووستکردنی ڤاکسینی چارەسەرکردنی کۆرۆنا ڕاگەیاند
چاودێر
پەیمانگای پەکین بۆ بەرهەمە پزیشكییەکان ڕایدەگەیەنێت ڤاکسینێكی چینیی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کۆتایی ئەمساڵ بەردەست دەبێت و دەکەوێتە بازاڕ.
پەیمانگاکەی تایبەت بە بەرهەم و پێداویستییە پزیشكییەکان لە پەکین دەڵێت لە توێژینەوەیەکدا کە لەسەر 2000 کەس ئەنجام دراوە، لە قۆناغی دووەمی تاقیکردنەوە سەرکەوتوو بووە بۆ بەکارهێنانی لەسەر مرۆڤ.
پەیمانگاکەی پەکین ڕوونی دەکاتەوە؛ ساڵانە توانای بەرهەمهێنانی نزیکەی 100-120 ملیۆن لە ڤاکسینی کۆرۆنای هەیە و لە کاتی سەرکەوتنی ڤاکسینەکە، دەتوانێت خێرا بڕێكی زۆری لێ بەرهەم بهێنێت.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی پەیمانگاکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دەتوانن کۆتایی ئەمساڵ یان سەرەتای ساڵی داهاتوو ڤاکسینەکە بەرهەم بهێنن و بیخەنە بازاڕەکانی جیهان بۆ بەکارهێنان.