پارتی پەیامێک بۆ یەکێتی دەنێرێت

کوردستان 31/05/2020

چاودێر

 

پارتی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی ٤٥هەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتییەوە پەیامێک بۆ یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دەنێرێت.


دەقی پەیامی مەكتەبی سیاسی پارتی بۆ یەكێتی:.
بۆ بەڕێز مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان


بەبۆنەی چل و پێنجەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان پیرۆزبایی ئاراستەی ئێوەی بەڕێز و سەرکردایەتی و ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیەکانی یەکێتی و سەرجەم کادیر و ئەندام و لایەنگرانی حزبە تێکۆشەرەکەتان دەكەین و، ھیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین.
لەکاتێکدا ئەو یادە دەکەینەوە کە وڵاتەکەمان لە ھەلومەرجێکی ناھەموار و ناوچەکە لە بەردەم گۆڕانکاری خێرادایە، کە ئەمەش وا دەخوازێ سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بەوپەڕی بەرپرسیاریەتیەوە ئەركە نەتەوەیی و نیشتیمانیەكانیان راپەڕێنن و لەپێناوی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەل و وڵاتەكەمان درێغی نەكەن و، هەوڵی جیددی بدرێ بۆ زیاتر پتەوكردنی یەكڕیزیی و یەكدەنگیی هێز و لایەنە سیاسیەكان و پاراستنی دەستکەوتەکان و بەھێزترکردنی ئەزموون و دۆزی رەوای گەلەکەمان و، بەدیهێنانی ئامانجەكانمان و دابینکردنی ئارامی و خۆشگوزەرانی بۆ ھاوڵاتیان.
جارێكی دیكە پیرۆزباییتان لێدەكەین و هیوادارین سەركەوتوو و سەرفراز بن.     


مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان
31ـی5ـی2020