عێراق 1 هەفتە قەدەغەی هاتوچۆی ڕاگەیاند

جیهان 30/05/2020


شانەی قەیرانەکانی عێراق بڕیاریدا لە سبەینێنوە قەدەغەی هاتووچۆ لە تەواوی پارێزگاکانی عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی هەفتەیەک ڕابگەیەنرێت.
شانەی قەیرانەکانی سەر بە حکومەتی عێراق ئەمڕۆ بڕیاریدا لە سبەینێوە بۆ ڕێگرتن لە بڵاوبونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا قەدەغەی هاتووچۆ بۆ ماوەی هەفتەیەک ڕابگەیەنرێت.
بەپێی هەواڵی میدیاکانی عێراق، کۆبوونەوەی شانەکە بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڕێوەچووە، کە تیایدا بڕیاری لیژنەی تەندروستییان پەسەند کردووە بۆ ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتووچۆ لە پارێزگاکانی عێراق بە کەرکوکیشەوە، بەڵام بڕیارەکە هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە.
بەپێی بڕیارەکە، هێزە ئەمنییەکان دەبێت ڕێگریی لە هاتووچۆی هاوڵاتیان بکەن و قەدەغەی هاتووچۆ بە تەواوەتی پەیڕەو بکرێت.
دوێنێ لیژنەی تەندروستی عێراق ٤١٦ حاڵەتی نوێی کۆرۆنای ڕاگەیاند، ئەوەش بەرزترین ئامارە لەسەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکە لە عێراق و بەپێی دوایین ئاماریش، تا ئێستا پێنج هەزار و ٨٧٣ حاڵەتی کۆرۆنا لە عێراق تۆمار کراوە، لەو ژمارەیەش ١٨٥ کەس گیانیان لەدەستداوە.